جام کوردی ـــ سەرۆکی فیفا پاش یارییەکەی نێوان ئێران و نیوزلەندا سەردانی ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی ئێرانی کرد و لەگەڵ ڕاهێنەر و یاریزانانی تیپەکە دیدار و گفتگۆی کرد.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پاش یارییەکە و ئەنجامی یەکسانبوونی نێوان ئێران و نیوزلەندا چووە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی ئێران و بۆ چەند خولەکێک لەگەڵ یاریزانان و سەرۆک ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە قسەی کرد.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا بە یاریزانانی وت: ئەمڕۆ یارییەکی سەختتان کرد و بە کەمێک هەوڵدانی زیاتر دەتتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئێوە بە خێزان و هاوڕێ و هەموو جیهان نیشانتان دا کە لە مۆندیالدان و دوو یاری دیکەتان لە پێشە.

سەرۆکی فیفا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تێدەگەم چ هەستێکتان هەیە، بەڵام ئێوە لەم هەستانە گەورەترن و پەیامێکی گەورە بۆ هەموو جیهان دەنێرن. هەموو یاریگاکەتان کۆکردەوە بۆ پشتگیریکردنتان و ئەمەش بە مانای هاودەنگییە، سوپاس.

لە وەڵامی قسەکانی ئینفانتینۆدا، ئەمیر قەڵعەنۆیی، سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێران وتی: دەزانم فیفا چەندە کاری بۆ کردین بۆ ئەوەی لێرە بین و سوپاسیان دەکەم، بەڵام لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە دەبێت بڵێم کە ئێمە ستەم لێکراوترین هەڵبژاردە بووین لە سەردەمی مۆندیالدا.