بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی قایمقامی سەلاس باباجانی، یاریدەدەری تایبەتی پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری عێراق و بەرپرسی گومرگی سنووری شێخ سڵە و بەرپرسی گومرگی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و هەردوولا بیروڕایان لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانییە سنوورییەکان، ئاڵۆگۆڕ کرد.
مێهدی ڕەمەزانی بەرپرسی گومرگی سنووری شێخ سڵە جەختی لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا کردەوە و وتی: بەمەبەستی ڕێگریکردن لە وەستانی کاڵاکان و خێراکردنی ئاڵوگۆڕەکان، پێویستە هەماهەنگی دوولایەنە بەهێزتر بکرێت، بەتایبەتی لە بواری ڕێکخستنی کاتی دەوامی بازاڕی سنووری و پلانی هاوبەش لە ڕۆژانی پشووی فەرمیی هەردوو وڵاتدا.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێویستی بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کەلوپەلی هەستیار و سووتەمەنی، زیادی کرد: بە بەدواداچوونی نوێنەری پارێزگای سەلاس باباجانی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و دەرکردنی مۆڵەت لەلایەن گومرگی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ڕێکارێکی دیاریکراو بۆ هاتنە ناوەوەی کاڵای کۆلبەری دانراوە، کە لایەنی عێراقیش پێشوازی لێ کردووە.
لە درێژەی ئەم دیدارەدا، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای دانانی ڕێکارەکانی گەشتیاری و دابینکردنی بنەمای هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵ، لەوانە سەوزە و میوە، لە مەرزی "شێخ سڵە"وەیان کرد. بەم پێیە بڕیار درا کە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بە ئیمکانیات و پێداچوونەوەی تەکنیکی ئەم داواکاریانە ئەنجام بدرێت.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە دابینکردنی ئاسایشی بازرگانان، شۆفێران و چالاکانی ئابووری لە سنوورەکە کردەوە و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە هاوبەشەکان بۆ بەدواداچوون بۆ پرسە بازرگانییەکانی دەرەوە و بەهێزکردنی توانا سنووریەکانیان بە پێویست زانی.