بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بڕانی درێژخایەنی کارەبا، سەدان خۆپیشاندەر لە شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واسیت، هاتنە سەر شەقامەکان و گەمارۆیان لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا دروست کرد. بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی خۆپیشاندەران پەنایان بۆ توندوتیژی بردووە و چەندین کەس بریندار بوون، کە دۆخی هەندێکیان بە سەخت هەڵسەنگێندراوە. لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، پارێزگاری واسیت نووسراوێکی بەپەلەی ئاراستەی حکومەتی ناوەندی کردووە و هۆشداری داوە لە دژواریی کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی خەڵک. تاوەکو ئێستا دۆخی ئەمنیی شار ئاڵۆز ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری دامەزراوە حکومییەکان جێگیر کراون. لە بەرامبەردا، خۆپیشاندەران جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر وەڵامێکی خێرا بۆ داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن. ئەم دۆخەش لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیان ناڕازییەکی فراوانیان لە کەمبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەربڕیوە.
خۆپیشاندانەکانی کوت توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و چەندین کەس بریندارن
جام کوردی - بەهۆی کەمیی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، شەوی ڕابردوو هاووڵاتیانی شاری کوت ڕژانە سەر شەقامەکان و بەهۆی گرژی و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا، چەندین کەس بریندار بوون.
June 26, 2026