نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام دابەزیوە و بەراورد بە مانگی پێشوو هەر کیلۆیەکی نزیکەی 500 دینار هەرزانتر بووە. ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا 2,500 دینارە و لە بازاڕەکانیشدا بە 2,750 دینار یان کەمتر دەفرۆشرێت. هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم دابەزینە، چونکە خاوەن کێڵگەکان بۆ ڕێگریکردن لە مرداربوونی مریشکەکان ناچارن بەرهەمەکانیان زووتر بۆ بازاڕ بنێرن. هەمان دۆخ لە بازاڕەکانی سلێمانی و دهۆکیش تۆمار کراوە و پێشبینی دەکرێت نرخەکان زیاتر دابەزن. لەلایەکی دیکەوە، سنووردارکردنی گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆ بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق وایکردووە بڕی بەرهەم لە بازاڕی ناوخۆ زیاد بێت و کاریگەری لەسەر نرخەکان دابنێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن کە مریشکی ناوخۆیی لە ژێر پشکنینی بەردەوامدایە و هیچ کێشەیەکی تەندروستی تۆمار نەکراوە.