کارەکانی تونێلی میراوە، کە بەشێکی گرنگی پڕۆژەی ڕێگای (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل)ە، بە تەواوی کۆتاییان هاتووە و بە سیستەمە پێشکەوتووەکانی ڕووناککردنەوە، هەواگۆڕکێ، ئاگرکوژێنەوە، پەیوەندی و کامێرای چاودێری تەیار کراوە. بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی شۆفێران، ناوەندێکی تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێریی بەردەوامی تونێلەکەش دروست کراوە. ئەم تونێلەی 380 مەترییە، کە بەشێکی ستراتیژیی ڕێگای هاملتۆنە، هەولێر بە سۆران و دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، کار لەسەر تونێلی ماوەرانیش بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو قیرتاوکردنی هەردوو سایدی تەواو بکرێت. پڕۆژەی دووسایدی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و تێچووی 95 ملیار دیناری هەیە، تاوەکو ئێستا 55٪ی کارەکانی تەواو بووە. هەروەها پڕۆژەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 250 ئەندازیار و کرێکاری ناوخۆیی دابین کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە سێ مانگی داهاتوودا بە تەواوی بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیان.
لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تونێلی میراوە دەخرێتەوە خزمەت شۆفێران
جام کوردی - لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا و دوای تەواوبوونی سەرجەم کارە کارەبایی و میکانیکییەکانی، تونێلی میراوە لە سنووری قەزای شەقڵاوە بە سیستەمێکی سەردەمیانە دەخرێتەوە خزمەت شۆفێران.
June 27, 2026