نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی حوزەیران لە کاتی دروێنەکردنی گەنم لە سنووری ناحیەی ئیسێوە، دەڕاسەیەک ئاگری گرت و بە خێرایی بڵاوبووەوە. ئاگرەکە سەرەتا دەڕاسەکەی بە تەواوی سووتاند و دواتر بەشێک لە گەنم و پوشوپەڵاشی ناوچەکەشی گرتەوە، کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمی ژمارەیەک لە جووتیاران. هۆکاری ڕووداوەکە تا ئێستا دیار نەکراوە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای وەرگرتنی ئاگادارکردنەوە، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداو. بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەوە، پێش گەیشتنی هێزەکان بەشێک لە کێڵگەکان سووتابوون. هەرچەندە بەرگریی شارستانی توانی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکات و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکات، بەڵام ڕووداوەکە زیانێکی دارایی بۆ جووتیارانی ناوچەکە لێکەوتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان کردەوە کە ئەگەر ئاگرەکە بە خێرایی نەکوژرابایەوە، مەترسیی سووتانی ڕووبەرێکی زۆر فراوانی دەغڵودان هەبوو.