هەولێر و بەغدا لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییان لەسەر ئەوە هەیە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بە شێوەی مانگانە خەرج بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە نێردراوە و تەنیا ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و ڕاپۆرتی هەناردەی نەوت ماوەتەوە.بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەک، ئەگەر ڕێکارە تەکنیکییەکان تەواو ببن، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە مووچە خەرج بکرێت و ڕەنگە هەمان سیستەمی «مەقاسە»ی مانگی ڕابردوو دووبارە جێبەجێ بکرێت، بەو واتایەی بەغدا پشکی خۆی لە داهاتی نانەوتی لە پارەی تەمویلی مووچە کەم بکاتەوە.لە هەمان کاتدا، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادا گفتوگۆ دەکات بۆ پێداچوونەوە بە بڕینی 120 ملیار دیناری مانگانە، هەرێمیش ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی ئامادە کردووە و داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەکات.ئەگەر سیستەمی مەقاسە دووبارە جێبەجێ بکرێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچەی 87 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست دەبێت، چونکە مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین دەکرێت. بەمەش حکومەت ناچار دەبێت داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکات.
وادەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەبێت
جام کوردی - بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لە عێراق.
June 28, 2026