پڕۆژەی ئاوی ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان نزیکەی 90%ی کارەکانی تەواو بووە و دوای وەستانی کارەکان لە وەرزی زستان، ئێستا بە خێرایی بەڕێوەدەچێت. هەروەها ترۆمپاکانی ئاو کە لە فەرەنساوە هاوردە کراون گەیشتوونەتە ناوچەکە و چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.ئەم پڕۆژەیە بە درێژی 20 کیلۆمەتر و بە تێچووی نزیکەی دوو ملیار دینار، لە دوو قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا ئاو لە ڕووباری باڵەکایەتی وەرگیراوە و دوو بیری فلتەرکردنی ئاو و سێ خەزانی گەورەی هەر یەکەیان بە توانای یەک ملیۆن لیتر دروست کراون.پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە 1500 ماڵ لە قەیرانی کەمئاوی ڕزگار بکات و تا 50 ساڵی داهاتووش دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەردەوام دڵنیابکات.