کاروان عەلی ساڵح لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی دروستبوونی ئەم دۆخە کرد و وتی:
"عێراقی دوای ٢٠٠٣ بە ڕووخانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی دەستی پێکرد، کە تێیدا گشت وەزارەت، بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکان هەڵوەشانەوە. لە بەرامبەردا، دەوڵەت لەسەر بنچینەی ناوچەگەرێتی، هێزی حزبی، تایفی و عەشاری دامەزرایەوە. ئەمەش ڕێگای خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی هێزێکی گەورەی گەندەڵکار کە لەسەر بنەمای پشتیوانیی حزبی بونیاد نرا."
ئەو شیکەرەوە سیاسییە بۆ جام کوردی ڕوونیکردەوە کە زنجیرەیەک شەڕی تایفی نێوان شیعە و سوننە، ململانێی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، شەڕەکانی گاردی عێراقی و پاشان هێرشەکانی داعش، ڕێگایەکی فراوانیان بۆ گەندەڵکاران واڵا کرد تا دارایی و سامانی عێراق بە هەموو شێوەیەک بەر لێشاوی تاڵانکردن بدەن.
سەبارەت بە پێکهاتەی ئێستای دەسەڵات لە بەغداد، کاروان عەلی ساڵح وتی: "عێراق هەتا ئەم ساتەیش وڵاتێکی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی هەمەچەشنی شێواوە؛ هەر لایەن و پێکهاتەیەک جەمسەرێکی گرتووە و بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕادەکێشێت. ئێستا گەندەڵی بووەتە تۆڕێکی گەورەی پێکەوەبەستراو، چونکە هیچ کەسێک لەسەر بنەمای لێهاتوویی لە دامەزراوەکاندا دانەنراوە، بەڵکو گشتیان بە پشتگیری و پشکی لایەنە سیاسییەکان پۆستەکانیان وەرگرتووە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا گەندەڵکاران لە ئاست لێپرسینەوەدا دەستەوسان دەبن؟ کاروان عەلی ساڵح بە توندی ڕەتیکردەوە و وتی:
"بێگومان نەخێر. لە ئێستادا هێزی گەندەڵکاران کەوتوونەتە خۆیان؛ لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و تەواوی هێز و توانای خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە یەکتری بەکاردەهێنن. ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی زۆر بەهێز لەسەر ئایندە و مانەوەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی."
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، ئەو شیکەرەوەیە هۆشدارییەکی توندی دا لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و وتی: "ئەو گەندەڵکارانەی ئێستا دەستگیر دەکرێن، نوێنەرایەتی بەهێزیان لە نێو حکومەتدا هەیە. کشانەوەی ئەوان لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، کابینەکەی دووچاری داڕووخان دەکات و دوور نییە عێراق بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی توند ببات. چونکە بەم شێوازە لە حوکمڕانی، ناتوانرێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە یاسا پیادە بکرێت و سەربەخۆیی بۆ دادوەری و دامەزراوەکان بگەڕێنرێتەوە."