دکتۆر یاسین تەها لە دەستپێکی خوێندنەوەی بۆ ئەم دۆخە ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە "سیستەمی گەندەڵی لە عێراقدا لە خودی سیستەمی فەرمی دەوڵەت بەهێزتر و باڵادەستتر بووە". بە گوتەی ناوبراو، ئەم دۆخە جۆرە نەریتێکی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە کە تێیدا لایەنەکان کێشە و دۆسیەکانی یەکتر دەپۆشن و چاوپۆشی لە یەکتری دەکەن؛ چونکە گەندەڵی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناو کایەی سیاسیدا ڕیشەی داکوتاوە و وەک "بۆمبێکی چێندراو" وایە کە هیچ لایەنێک نایەوێت پێیدا بتەقێتەوە.

​ئەم چاودێرە سیاسییە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات لەسەر ڕیشەی مێژوویی ئەم قەیرانە و پێیوایە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، بەهۆی شەڕی دژی تیرۆر، دۆخی نائارامی ئەمنی و پەرەسەندنی تائیفەگەرییەوە، گەندەڵی پەرەی سەند، خۆی پۆشی و قازانجی گەورەی لەو پشێوییە گشتییە بینی کە باڵی بەسەر عێراقدا کێشابوو.

ڕاپۆرتەکەی جام کوردی سەرنج دەخاتە سەر شێوازی پاراستنی کەسانی تۆمەتبار. دکتۆر یاسین تەهاش لەو بارەوە دەڵێت: دەستوەردانەکان لە عێراقدا زۆرجار بە ئامانجی تائیفی بوون. لەم نێوەندەشدا، بەکارهێنانی دروشم و هۆکارەکانی وەک تائیفەگەری، نەتەوەیی، مەزهەبگەرایی، عەشیرەتگەرایی و ئایینی، هەموویان بوونەتە کەڤەرو پارێزەرێکی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون. ئەم قەڵغانە کۆمەڵایەتی و سیاسییە وایکردووە لە ڕابردوودا ئەگەر کەسێک یان دەزگایەکی یاسایی ویستبێتی دەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببات، نەتوانێت هەنگاو بنێت، چونکە دەستبەجێ لایەنەکان پەنایان بۆ ناسنامە پێکهاتەییەکان بردووە بۆ شاردنەوە و پاراستنی کەسە گەندەڵەکانی خۆیان.

سەبارەت بەوەی کە ئایا گەندەڵی تەنها لە لووتکەی دەسەڵاتدایە، یاسین تەها ڕوونی دەکاتەوە کە قەیرانەکە شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جومگەکانی خوارەوەی دەوڵەتیش.

ناوبراو ئاماژە بە پۆستی (بەڕێوەبەری گشتی - مدیر عام) دەکات لە وەزارەتەکاندا. کاتێک کەسێک لەم ئاستەدا گەندەڵی دەکات و بڕە پارەی زۆر گەورە بەفیڕۆ دەدات یان دەیشارێتەوە، بە تەنیا نییە؛ بەڵکو لە پشتی ئەم تاکە بەرپرسەوە تۆڕێکی گەورەی پارێزگاری و لینک و پەیوەندی سیاسی هەیە. کاتێک بەڕێوەبەرێکی گشتی خاوەنی ئەم جۆرە پشتگیرییە بێت، ئاشکرایە کە ئاستە باڵا و گەورەترەکان پاراستنی زۆر زیاتریان هەیە.

​هەروەها، حزب و کوتلە سیاسییەکان و گروپە جیاوازەکان، لە کاتێکدا لە ڕووکەشدا و لە بەردەم وڵاتانی دەرەوە و ئەمریکادا وێنەیەکی بەهێز و یاسایی لە خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ناوخۆدا پشتگیرییەکی گەورەی ئەم تۆڕە گەندەڵییانە دەکەن، چونکە هیچ گروپێک نییە بە ڕاستی دژی ئەم دۆخە بوەستێتەوە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خۆی تێدا بێت. ئەم واقیعەش وایکردووە کە تەنانەت ئەگەر کەسێک بە ڕێگای یاساییش پۆست یان ڕەگەزنامەی وەرگرتبێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا بە ناچاری تێکەڵ بە کۆمەڵێک کەسی ناو ئەم تۆڕە دەبێت و دەبێتە بەشێک لە سیستمەکە، چونکە بژاردەکانی دیکە یان گۆشەگیرییە یان دوورخستنەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، جام کوردی تیشک دەخاتە سەر ئەو جوڵانەوانەی کە لە ئێستادا بۆ کردنەوەی هەندێک دۆسیەی گەندەڵی هەن، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی.

​دکتۆر یاسین تەها پێیوایە کە ئێستا دۆخی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ڕاستی بەم شێوازی پێشوو بەڕێوە ناچێت و مەترسی داڕمانی هەیە، بۆیە هەوڵێک هەیە بۆ جوڵاندنی هەندێک دۆسیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، تێبینی ئەو ڕاستییە دەکات کە ئەو کەسانەی لەم دواییانەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە، زیاتر ئەو کەسانەن کە پشتیوانییە سیاسییەکەیان نەماوە، یان پەیوەندییان بە وەزیر و بەرپرسانی لیستەکەی حکومەتی پێشووەوە هەیە. بە بڕوای ئەم چاودێرە، هەرچەندە ئەمە دەرفەتێکە بۆ حکومەتی ئێستا بۆ نیشاندانی چاکسازی، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەکە ڕاستەقینە و کاریگەر بێت، پێویستە یاسا دەست بۆ سەرجەم کەسە گەندەڵەکان ببات بەبێ گوێدانە پشتگیرییە سیاسی و تائیفییەکانیان.