هاوپەیمانێتی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بووەتە کێشەیەکی نوێ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەمیشە وەک هێزی یەکەم خۆی بینیوەتەوە.

​ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە دانوستانەکاندا بگۆڕێت لەوانە:

​"یەکێتی دەرگای بۆ هەموو ئەو هێزانە کراوەیە کە دەیانەوێت گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمدا بکەن. جەختیش دەکەنەوە هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ و هێزەکانی تر لە داهاتوودا، هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانیی بەهێز تا بتوانین پێکەوە بڕیارە سیاسییەکان هاوسەنگ بکەینەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت یەک لایەن بڕیار بەسەر چارەنووسی هەرێمدا بسەپێنێت."

هاوکات ​بەرپرسانی نەوەی نوێ جەخت دەکەنەوە کە بەڵێنمان بە دەنگدەرانی خۆمان داوە کە ببینە هۆکاری گۆڕانکاری. ئەگەر بچینە ناو هەر هاوپەیمانێتییەک یان حکومەتێکەوە، تەنها لە پێناو جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکەمان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان.

ئاماژە بەوەش دەکەن نزیکبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی یان هەر هێزێکی تر لەسەر بنەمای گۆڕینی سیستمی حوکمڕانییە نەک تەنها دابەشکردنی پۆست."

هەرچی ​پارتی دیموکراتی کوردستانە وەک براوەی یەکەم، هەڵوێستێکی ڕوونی هەیە بەرامبەر بەم جووڵانە و مەرجەکانی دابەشکردنی پۆستەکان:

​چونکە پارتی وەک هێزی یەکەم و براوەی سەرەکی، مافی یاسایی و دیموکراسیی خۆیەتی کە سەرکردایەتی پێکهێنانی حکومەت بکات. وە جەخت دەکەنەوە کە دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین، بەڵام قبوڵی ناکەین هیچ هاوپەیمانێتییەکی کاتی یان دەستەگەرییەکی سیاسی مەرجی پێشوەختەمان بەسەردا بسەپێنێت یان بیەوێت پۆستە سیادییەکان بەپێی خواستە حزبییەکانی خۆی دابەش بکات. پێویستە قەبارەی ڕاستەقینەی کورسییەکانی پەرلەمان بنەمای سەرەکی بێت بۆ پێکدادانی پۆستەکان."

​حیزبەکانی تری وەک یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێست، لە نێوان پاڵپشتی لە گۆڕانکاری و پاراستنی سەقامگیریدا دەبینرێنەوە:

​چونکە ئەوان بڕوایان وایە​" کێشەی هەرێم تەنها دابەشکردنی پۆستی سەرۆکایەتییەکان نییە لە نێوان پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێدا، بەڵکو کێشەکە قەیرانی متمانەیە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا. ئێمە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک دەکەین کە ببێتە هۆی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی، بەڵام نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێی شەخسی و حزبی بۆ بەدەستهێنانی کورسی و ئیمتیازات."

ئەوەی گرنگ و خاڵی هاوبەشە لە ​پێداگریی یەکێتی و نەوەی نوێ و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی ئەوەیە" لەسەر دروشمی "ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی" لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا کۆبووەتەوە لەوانە:

​ئەو لایەنانە پێیان وایە" لە ساڵانی ڕابردوودا بڕیارە دارایی و سیاسییە گرنگەکانی هەرێم لە لایەن یەک جەمسەرەوە (پارتی) دراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ناوچەکانی تر (بەتایبەت پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین).

​هەروەها جەختکردنەوەیان لەسەر ڕێککەوتنی ڕاستەقینە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی مووچە و شه‌فافییه‌تی داهاتی ناوخۆ، بە تایبەتی (نەوت و ناوخۆ).

​هەروەها خاڵێکی تری لایەنەکانی دەرەوەی پارتی ئەوەیە" داوا دەکەن کە دامەزراوەکانی وەک دادگا، ئەنجومەنی دادوەری و هێزە ئەمنییەکان لە ژێر هەژموونی حزبی دەربهێنرێن و بکرێنە نیشتمانی.

​ماوەتەوە بڵێین" ململانێی ئێستای هەرێم نێوان دوو دیدگای جیاوازە؛ دیدگایەک کە پێی وایە براوەی یەکەم دەبێت بەپێی نەریتی ڕابردوو هێڵی گشتی دیاری بکات، و دیدگایەکی نوێ کە دەیەوێت لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی بەرەییەوە سنوورێک بۆ تاکڕەوی دابنێت. ئەنجامی ئەم کێشمەکێشە، چارەنووسی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.