بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026 (لە 21ی ئادارەوە تا 21ی حوزەیران)، زیاتر لە 311 هەزار تۆن کاڵا لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە، کە نرخی گشتیی ئەو هەناردانە گەیشتووەتە 82 ملیۆن و 264 هەزار دۆلار. بە پێی ئامارەکان، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، کە بایی هەناردەکان زیاتر لە 135 ملیۆن دۆلار بوو، هەناردەی کاڵا لە سنە بە ڕێژەی 39% دابەزیوە. لە هەمان ماوەدا، زیاتر لە 41 هەزار تۆن کاڵاش بە نرخی زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە کراوە. پارێزگای سنە، کە 227 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، لە ڕێگەی دەروازە نێودەوڵەتیی باشماخ لە مەریوان و دەروازەی سەیرانبەن لە بانە، یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەردوو ناوچەکە.