عێراق ساڵانە بەهۆی قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارەوە ملیارەها دۆلار لەدەست دەدات، ئەوەش بووەتە هۆی سەپاندنی ڕێکارە توندەکان بەسەر کەرتی بانکیی وڵاتدا بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە لایەنە سزادراو و گرووپە نایاساییەکان. بەپێی ڕاگەیەنراوی دەستەی دەستپاکی، محەممەد عەلی لامی لە دیدارێکدا لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لە گرنگیی لێکۆڵینەوەی داراییەکان و توندکردنی چاودێریی سەر دەروازەکانی گواستنەوەی پارە کردەوە، وەک هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەی داهاتەکانی گەندەڵی. لەلایەکی دیکەشەوە، نزار ناسر حوسێن ڕایگەیاند هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان متمانە بە سیستەمی دارایی دەگەڕێنێتەوە و یارمەتی بەهێزکردنی شەفافیەت و ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی لەگەڵ تاوانە داراییەکان دەدات.