​بۆ شیکردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەم ڕووداوە، پەیامنێری جام کوردی گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ د. یاسین تەها، پسپۆڕ و دکتۆرا لە مێژووی ئاینەکانی کوردستان ئەنجامدا، تاوەکو تیشک بخاتە سەر ئەو پەیامە شاراوانەی لە پشت ئەم مەراسیمەوەن.

​د. یاسین لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕووداوە تەنها لە ڕواڵەتدا وەک مەڕاسیمێکی ئایینی بۆ ماڵئاواییکردن لە مەرجەعێکی شیعی دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەهەندێکی قووڵی سیاسی هەیە.

​چونکە هێنانی تەرمی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی بۆ نەجەف و کەربەلا، لە ناواخندا هەڵگری پەیامێكی سیاسییە؛ پەیامێک کە دەڵێت عێراق هێشتا وەک ناوچەی هەژموون و ملکەچ بۆ کاریگەرییەکانی ئێران ماوەتەوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی تێکەڵاوییە مەزهەبییەکەوەیە."

​ئەم پسپۆڕەی مێژووی ئاینەکان سەرنجی بۆ خاڵێکی سەرنجڕاکێش ڕاکێشا، ئەویش نەهاتنی ئایەتولڵا خامنەئی بوو لە کاتی ژیانیدا بۆ عێراق و گۆڕانی ئەم هاوکێشەیە دوای کۆچی دوایی.

​چونکە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ژیانی خۆیدا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە یان هەر هۆکارێکی تر، نەهاتە عێراق بۆ زیارەت.

​بۆیە هەڵسووڕێنەرانی ئێستای کاروباری تاران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم "ناشتنە مێژووییەوە" هاوسەنگییەکان بگۆڕن.

​لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ جام کوردی، د. یاسین تەها جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ڕووداوەکە و شوێنی مەراسیمەکە بە ڕێکەوت هەڵنەبژێردراون، بەڵکو ئامانج لێی ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بەتایبەتی بۆ کۆشکی سپی:

​بە بڕوای د. یاسین تەها: "بڕیاربەدەستانی ئێستای تاران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم مەراسیمە گەورەیەوە، قەبارەی ڕاستەقینەی لایەنگران، شوێنکەوتووان و هاوسۆزە عێراقییەکانی خۆیان نیشانی جیهان و بەتایبەتیش نیشانی ئیدارەی ترەمپ بدەن، وەک کارتێکی فشاری سیاسی لەم قۆناغە نوێیەدا."