بۆ شیکردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەم ڕووداوە، پەیامنێری جام کوردی گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ د. یاسین تەها، پسپۆڕ و دکتۆرا لە مێژووی ئاینەکانی کوردستان ئەنجامدا، تاوەکو تیشک بخاتە سەر ئەو پەیامە شاراوانەی لە پشت ئەم مەراسیمەوەن.
د. یاسین لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕووداوە تەنها لە ڕواڵەتدا وەک مەڕاسیمێکی ئایینی بۆ ماڵئاواییکردن لە مەرجەعێکی شیعی دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەهەندێکی قووڵی سیاسی هەیە.
چونکە هێنانی تەرمی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی بۆ نەجەف و کەربەلا، لە ناواخندا هەڵگری پەیامێكی سیاسییە؛ پەیامێک کە دەڵێت عێراق هێشتا وەک ناوچەی هەژموون و ملکەچ بۆ کاریگەرییەکانی ئێران ماوەتەوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی تێکەڵاوییە مەزهەبییەکەوەیە."
ئەم پسپۆڕەی مێژووی ئاینەکان سەرنجی بۆ خاڵێکی سەرنجڕاکێش ڕاکێشا، ئەویش نەهاتنی ئایەتولڵا خامنەئی بوو لە کاتی ژیانیدا بۆ عێراق و گۆڕانی ئەم هاوکێشەیە دوای کۆچی دوایی.
چونکە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ژیانی خۆیدا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە یان هەر هۆکارێکی تر، نەهاتە عێراق بۆ زیارەت.
بۆیە هەڵسووڕێنەرانی ئێستای کاروباری تاران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم "ناشتنە مێژووییەوە" هاوسەنگییەکان بگۆڕن.
لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ جام کوردی، د. یاسین تەها جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ڕووداوەکە و شوێنی مەراسیمەکە بە ڕێکەوت هەڵنەبژێردراون، بەڵکو ئامانج لێی ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بەتایبەتی بۆ کۆشکی سپی:
بە بڕوای د. یاسین تەها: "بڕیاربەدەستانی ئێستای تاران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم مەراسیمە گەورەیەوە، قەبارەی ڕاستەقینەی لایەنگران، شوێنکەوتووان و هاوسۆزە عێراقییەکانی خۆیان نیشانی جیهان و بەتایبەتیش نیشانی ئیدارەی ترەمپ بدەن، وەک کارتێکی فشاری سیاسی لەم قۆناغە نوێیەدا."