سەردار "ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم" جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: ئەم کردەوە تیرۆریستیانە (جموجوڵ و کردەوەی تیرۆریستی تاقمە چەکدارەکان لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران) هەوڵی بێهودەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و چەک کە بەشێک لەو تاقمە جوداخوازانە لە ئەمەریکا وەریانگرتبوو و پێشتریش بەنیازبوون بێنە ناو خاکی ئێرانەوە، کە ڕووی نەدا و نەیانتوانی، ئێستاش لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیانن وەکوو بەکرێگیراو بۆ وەرگرتنی پاکێجی هاوکاریی زیاتر لە دوژمنی زایۆنیستی – ئەمریکی دژی گەلی ئێران. ئەم جموجوڵە تیرۆریستییانە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵات لە بانە و پاوە و شارەکانی دیکە کە لە لایەن هێزە چەکدارەکانمانەوە بە توندی وەڵام درایەوە، بە گشتی بەڕای من شتێکی ئەوتۆ و جێی بایەخ نییە بە بەراورد بە درێژیی سنوورەکانمان و ناوچە ئەمنییەکانمان.

ناوبراو لە پەیامێکدا کە ئاراستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، دەڵێت: "خەڵکی ئازیزی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەمووی برای ئێمەن، من خۆم لە بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجەم، لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەوێ ئامادە بووم و شاهیدی ئازایەتی خەڵکی هەڵەبجە بووم، شەهیدبوونی زیاتر لە 5 هەزار هاوڵاتی هەڵەبجە لەلای من سەختترین ڕووداوی ژیانم بوو". 

سەردار "ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم"، سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتیمانی ئێران، زیاتر وتی: لە سەردەمی شەڕدا چەند مانگێک میوانی کوردانی ئازیز بووم لە سلێمانی و کەرکوک و دیالی. ئێمە لە سەردەمی خەباتی دژ بە سەدامەوە تا ئەمڕۆ هاوپەیمان و دۆست و نەتەوەیەکی یەکگرتوو بووین و کێشە بچووکەکانی وەک ئەم (جموجوڵە تیرۆریستیەکان) پێکەوە چارەسەر دەکەین.