سەبارەت بە شکست و لاوازی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا لە شەڕی ئەم دواییەی دژ بە ئێران، سەردار "ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم"، سەرۆکی زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی، وتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە زلهێزی جیهانە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕی ڕاستەقینەدا، ڕێساکانی دەسەڵاتی سەربازی و لاوازی ئەمریکا ئاشکرا بوو. بە پشت بەستن بەو شتانەی ئەمڕۆ خۆیان دان بەوەدا دەنێن، زیاتر لە نیوەی چەکە ستراتیژییەکانیان لە شەڕی ئێمەدا بەکارهێنراون. ئەو ئاگربەستەی کە ڕایانگەیاند، جۆرێک لە پاشەکشە بوو.

سەرۆکی زانکۆی باڵای بەرگری نیشتمانی ئێران، زیادی کرد: کەشتییەکانیان دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوور کەوتنەوە بۆ ئەوەی لێیان نەدرێت. فڕۆکەی هەڵگری سووتەمەنی و ڕادار و کەرەستە سەربازییەکانی دیکەیان لەلایەن ئێمەوە کرانە ئامانج و تووشی شکستێکی زەلیلانە بوون.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پرسیاری من ئەوەیە، ئەمەریکا بەم دۆخە و لاوازییە بەرامبەر زلهێزەکان چۆن دەچێتە بەرەکانی شەڕ؟ ئێمە شاهیدی جۆرێک لە دوودڵی و ماندوێتی بووین لە شەڕەکەدا لەنێو سەربازەکانیاندا، ئەمەش لە بازنەکانی ناوخۆی ئەمریکادا ڕەنگدانەوەی هەبوو. بینیمان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا دژی شەڕخوازیەکانی ترەمپ وەستانەوە، هەروەها دوو لەسەر سێی ڕای گشتی لە ئەمریکا پشتگیری و هاوڕایی لەگەڵ سەرۆک لە شەڕەکەدا نییە. 

سەردار ئەحمەدی موقەدەم جەختی لەوە کردەوە کە گرنگترین شت لە شەڕی سەپێنراوی ئەمریکا دژ بە ئێران، پشتیوانی نەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکا بوو و دەتوانین بڵێین ئەمریکییەکان تەنیا و گۆشەگیر بوون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. هەم هێزی سەختی ئەمریکا کەوتە بەر تەحەدا، هەم هێزی نەرم و هەم میدیاکانی. ئەمریکا لەم شەڕەدا لەگەڵ ئەم هەموو میدیایە نەیتوانی گێڕانەوەیەک دروست بکات، بە پێچەوانەوە ئەم میدیایانە ئێستا دژی ترەمپ کاردەکەن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی باڵادەستی ستراتژیکی لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی ئەمریکا چی لە پێشینەی کاردایە، سەردار ئەحمەدی موقەدەم وتی: بە شێوەی سروشتی، هێزە چەکدارەکان لە هەر شەڕێکدا بە پێی مەرجەکانی ئەو شەڕە هەڵسوکەوت دەکەن. دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بێکار دانەنیشتین و ئێستا بێکار نین. لەو کاتەوەی ئاگربەست لە ٩ی نیسان ڕاگەیەندرا، هەموو هێزە چەکدارەکان بە هێزی تەواوەوە لە ناوەندە ستراتیژییەکان کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی سیناریۆی گونجاو و هەڵسەنگاندنی پێداویستییە سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە تاکتیکەکان و خۆئامادەکردن بۆ هەر هەلومەرجێکی چاوەڕواننەکراو.