شاندێکی حکومی و نزیکەی 40 وەبەرهێنەر و نوێنەری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشداری دوو کۆڕبەندی ئابووری لە ئیسپانیا کرد. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیسپانییەکان بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بووە. لە ماوەی کۆڕبەندەکاندا، چەندین گرێبەست و یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان کۆمپانیاکانی هەردوو لا واژۆ کرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان. هەروەها ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئیسپانییەکان بەڵێنیان داوە لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی هاوبەش و تەواوکردنی گرێبەستەکان. لە هەمان چوارچێوەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و پەرەپێدانی تواناکانیش واژۆ کراوە. بەپێی پلانە ئامادەکراوەکان، لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ کۆڕبەندێکی هاوشێوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت 60 کۆمپانیای ئیسپانی بەشداری تێدا بکەن. ئەو کۆڕبەندە هەنگاوێکی دیکە دەبێت بۆ تەواوکردنی گرێبەستە سەرەتاییەکان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان. هەروەها پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو لا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام گەشەی کردووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان.