ئەم ڕووداوە شەپۆلێک لە توڕەیی لەسەر ئاستی شەقام و ناوەندە سیاسییەکان لێکەوتەوە. پەیامنێری (جام کوردی) لەسەر ئەم مژارە و ڕەوشی دارایی و بژێوی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، ڕای چەندین کەسایەتی سیاسی و هاوڵاتی وەرگرتووە.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (جام کوردی) تیشکی خستە سەر ناڕوونی داهاتەکانی هەرێم و وتی:
"لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی وەزارەتەکانی حکومەتەوە کۆدەکرێتەوە و کەس نازانێت چی لێدەکرێت و بۆ کوێ دەچێت، کاتێکیش حکومەتی عێراق داوای ١٢٠ ملیار دینار دەکات وەک داهاتی مانگانەی ناوخۆ، هەرێم دەڵێت ئەو بڕە پارەیەمان پێ نادرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارێکی توندی داوەو مانگانە لە کۆی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەو ١٢٠ ملیار دینارە ببڕێت، بەو مەرجەی هەرێم خۆی لە داهاتی ناوخۆ ئەو کوورتهێنانە پڕ بکاتەوە و بیخاتە سەر مووچەی فەرمانبەران.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە سیاسییانە، (جام کوردی) چەندین دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی تۆمارکرد کە بە توندی ڕەخنە لە دۆخی بژێوی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەگرن.
پەرژین عومەر (هاوڵاتی): بە خەم و توڕەییەکی زۆرەوە ڕووی دەمی کردە هاوڵاتیان و وتی: "باشە کوا غیرەت و پیاوەتی و شهامەت؟ ئەمە لە کام وڵاتدا هەیە؟ هەر کاتێک خەڵک لە سەر ماف و حەقی خۆی بێدەنگ بوو و قبوڵی کرد نان و قوتی بخورێت، دەبێت قبوڵیشی بکات تەعدای لێبکرێت. عەیبە، مرۆڤ یەکجار دەمرێت، لە چی دەترسن؟ ڕایانماڵن! خەڵک برسییە ئەی هاوار، لەسەر حەقی خۆتان وەرنە جواب."
یوسف ناوگردانی (هاوڵاتی): ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی کابینەی حکومەت کرد و ڕایگەیاند: "ئەم حکومەتەی مەسرور بارزانی کێشەی لەگەڵ هیچ شتێکدا نییە، بەڵام کاتێک دێتە سەر پرسی مووچە، لە پەل و پۆ دەکەون و هەزار و یەک بیانوو و عەرقەلەی بۆ دروست دەکەن." ناوبراو داخی خۆی بە ڕووی دەنگدەراندا ڕشت و وتی: "دەستی یەک ملیۆن دەنگدەرەکە بشکێت، دەنگتان بە چی دا؟ دەنگتان بە نانبرینی خۆتان دا!"
ڕوناک کوردی (هاوڵاتی): دۆخەکەی کورتکردەوە و پرسیارێکی جەوهەری ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد: "هەموومان دەزانین ئەم حکومەتە گەندەڵە، بەڵام باشە ئەی چارەسەر چییە؟"
"تەنها دەمانەوێت بە حەڵاڵی بژین"
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، هاوڵاتیان نائومێدی خۆیان لە تەواوی سیستمی حیزبایەتی لە هەرێم دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین و تەنانەت بڕوایان بە دروشمەکانی کوردایەتی نەماوە، چونکە تەنها دەیانەوێت ژیانێکی شەرەتمەندانە بە ئارەقەی نێوچاوان و نانی حەڵاڵ دابین بکەن.
ئەوان دەڵێن: "تەمەنمان هەمووی ڕۆیشت و چێژمان لە ژیان نەبینی. ئەم بەرپرسانە نە لە خودا دەترسن، نە باوەڕیان بە مردن و قیامەت هەیە، نە دڵیان بەم میللەتە هەژارە دەسوتێت و نە کوردایەتیش دەزانن. تەنها یەکێک بێت و پێمان بڵێت: دەرچە و چارەسەر لەم دۆخە چییە؟"