تەرمی خامنەیی شەوی چوارشەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی شاری نەجەف و لەلایەن بەرپرسانی عێراقییەوە پێشوازی لێکرا، کە لە نێوانیاندا عەلی زەیدی، سەرۆکی حکومەت و سەرکردەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، و چەندین سیاسی و سەرکردەی دیکە هەبوون.
هەروەها مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، یاوەری لە تەرمەکەیان کرد.
هاوکات مستەفا، یەکێک لە کوڕەکانی ئایەتوڵا خامنەیی ئامادە بوو،
هەر بەم بۆنەیەوە بەرپرسانی عێراق ڕۆژی چوارشەممەیان کردە پشووی فەرمی و ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی جەماوەری لە شاری نەجەف لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا دەستیپێکرد.
لە نێو ئاپۆرای مەراسیمەکەداو لە شەقامەکانی ئەو شارەدا، بارهەڵگرێک تەرمی ئەو زاتەی بە ئاڵای ئێران داپۆشرابوو، دەگواستەوەو جەماوەرێکی زۆر لە دەوری کۆببوونەوە، هەندێکیشیان هەوڵیان دەدا لێی نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی دەستی لێبدەن.
بڕیارە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنەکە لە شاری نەجەف لە مەرقەدی ئیمام عەلی کۆتایی دێت، کە تێیدا جەماوەرێکی زۆر چاوەڕێی خوێندنی نوێژی مردوو دەکەن لەسەر تەرمەکە پێش ئەوەی بگوێزرێتەوە بۆ شاری کەربەلا.
پێشتر ڕۆژی هەینی، تەرمی خامنەیی لەگەڵ تەرمی ٤ ئەندامی خێزانەکەی کە لەگەڵ ئەودا لە هێرشەکاندا شەهیدکران، لە مۆسەلای گەورەی تاران دانرا، کە تێیدا شاندە فەرمییەکان و جەماوەرێکی زۆر ڕێزیان لێگرت، پێش ئەوەی ڕۆژی دووشەممە لە ڕێوڕەسمێکی جەنازەدا بە نێو تاراندا تێپەڕێت لە نێو ئاپۆرایەکی ڕەشپۆشدا کە ئاڵای سووریان بەرزکردبۆوە و داوای تۆڵەسەندنەوەیان دەکرد.
له تارانەوه، تەرمی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی گوێزرایەوە بۆ شاری قوم، که تێیدا جەماوەرێکی زۆر بۆ ماڵئاوایی کۆببوونەوە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران ژمارەی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان بە ملیۆنان کەس خەمڵاندووە، هەرچەندە تا ئێستا دەسەڵاتداران هیچ ئامارێکی فەرمی خەمڵێندراویان بڵاونەکردووەتەوە.
شایەنی باسە خامنەیی لە ساڵی ١٩٨٩وە، دوای کۆچی دوایی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ڕێبەرایەتی ئێرانی کردووە. دیمەنی حەشاماتە زۆرەکەی شەقامەکانی تاران، ماڵئاواییکردن لە ئیمام خومەینی بەبیر هێنایەوە، کە میدیا فەرمییەکان ڕایانگەیاند ژمارەی بەشداربووان تێیدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس.
ئێستاش ئەم شارە (نەجەف)ی پیرۆز لە لایەن شیعەکانی جیهانەوە خاوەن ڕەمزیەتێکی تایبەتە، و زۆربەیان وەسیەت دەکەن لەوێ بنێژرێن، بەتایبەت لە گۆڕستانی بەرفراوانی "وادی السلام" کە هاوسێی مەرقەدەکەیە.
شاری نەجەف بارەگای گەورە مەرجەع عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای عێراق و چەندین مەرجەعی گەورەی دیکەیە. هەروەها قیبلەیەکە بۆ خوێندکارانی زانستە ئاینییەکان کە لە حەوزە زانستییەکانیدا درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن.
ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینی باڵای شیعە لە نەجەف خوێندوویانە و وانەیان وتووەتەوە،
لەوانەش ئیمام خومەینی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران.
دوای نەجەف، تەرمی ئایەتوڵا خامنەیی بە ڕێگەی ئاسمانی دەگوێزرێتەوە بۆ کەربەلا کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوورەوە دوورە، لە ڕێوڕەسمێکی دیکەی جەنازەدا کە لە عەتەبەی حوسێنییە (مەرقەدی ئیمام حوسێن) و مەرقەدی عەباسی برای کۆتایی دێت.
جێگای وتنە ئایەتوڵا خامنەیی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە تاران لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییانەی کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا ئێرانیان کردە ئامانج، شەهید کرا، کە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات بوونی بەڕێکردنی تەرمی ئەو زاتە لە عێراق لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژی و هێرشە متمانەپێکراوەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە دەوروبەری گەرووی هورموزی ستراتیژی، کە لەم شەڕەدا بووەتە خاڵێکی سەرەکی گرژییەکان.
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە ٨٠ ئامانجی ئێرانی، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر ٣ کەشتی لە گەرووی هورموز و دەخرانە پاڵ تاران،
لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە دەیان دامەزراوەی سەربازی ئەمریکای لە بەحرەین و کوێت کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.
ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئایەتوڵا خامنەیی دواخرا تا ئەو کاتەی دانوستانکارانی ئێرانی و ئەمریکی بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر گەیشتنە "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن" بەو هیوایەی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر پرسە سەرەکییە جێناکۆکەکان.