​بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەند و پەیامەکانی ئەم ڕووداوە، پەیامنێری "جام کوردی" گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی بیلال خەیات سازکرد، کە تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی ئەم گەشتە مەراسیمییە لە ڕوانگەی جیاوازەوە.

​لەسەرەتای گفتوگۆکەدا، بیلال خەیات ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە بەربەستی سەردانەکەی خامنەئی کرد بۆ عێراق و وتی:

ئایەتوڵا​"عەلی خامنەئی لە کاتی ژیانیدا هەمیشە ئارەزوویەکی زۆری هەبوو کە سەردانی عێراق بکات و بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانی شێعە بکات، بەڵام بەربەستە سیاسییەکان و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕێگر بوون لە بەدیهاتنی ئەم حەزە. بۆیە هاتنی تەرمەکەی بۆ عێراق لە ئێستادا بە جۆرێک لە جێبەجێکردنی ئەو حەزە دێرینە و هاوکات وەک پەیامێکی ستراتیژیی تاران تەماشا دەکرێت."

​ئەم گەشتە کە بڕیارە دوای تەواوبوونی مەراسیمەکانی تەواف لە شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا بگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و لە مەشهەدی پیرۆز لە ناوچەی حەرەمی ئیمام ڕەزا بنێژرێت، خاوەنی هێمایەکی قووڵە.

​سەبارەت بە کاریگەریی و پەیامی ئاینیی ئەم مەراسیمە، ئەو نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسیە ڕوونیکردەوە:

​بردنی تەرمی بەرزترین هێمای سیاسی و مەزهەبیی ئێران بۆ ناو جەرگەی شارە پیرۆزەکانی عێراق، هەوڵێکە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و تێکەڵبوونی حەوزەی ئاینیی قوم و نەجەف.

​ئەم مەراسیمە گەورەیە دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە دەسەڵاتی ڕۆحی و سیاسیی شیعە سنوورە نیشتمانییەکانی بەزاندووە و ناوەندە ئاینییەکانی عێراق بەشێکی سەرەکین لەو بازنە مەزهەبییەی کە تاران سەرکردایەتی دەکات.

​خوێندنی نوێژ و سازدانی ڕێوڕەسم لە نەجەف، لە لایەن لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی مقاوەمەوە وەک هێمایەکی شەرعیەتدان بە پڕۆژەی سیاسیی ئێران تەماشا دەکرێت.

​لە درێژەی گفتوگۆکەدا، پەیامنێری جام کوردی پرسیاری لە کاتی گەیاندنی تەرمەکە و ڕەنگدانەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق کرد. شرۆڤەکارەکە وتی:

"کاتی گەیشتنی تەرمەکە بۆ عێراق و بەڕێوەچوونی مەراسیمەکان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات، نامەیەکی ڕوونی ئاڕاستەکراوە بۆ هێزە ناوخۆییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە. تاران لە ڕێگەی ئەم دیمەنانەوە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئێرانی دوای خامنەئیش بەهەمان هێز و قورسایی لە عێراقدا ئامادەیی هەیە و پاشەکشە لە پێگە و نفوزی خۆی ناکات."

​ئەم بابەتە لە ناوخۆی عێراقدا بۆتە هۆی دروستبوونی دوو تێڕوانینی جیاواز:

​یەکەم: بۆ هێزە سیاسی و گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق، ئەم ڕووداوە کەرەستەیەکی گەورەیە بۆ نمایشکردنی هێز و نوێکردنەوەی بەیعەت بە هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

​دووەم: لە بەرامبەردا، نەیارانی ئەم پڕۆژەیە لە ناوخۆی عێراقدا ئەم کارە وەک بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکە و نیشاندانی عێراق وەک پاشکۆیەکی جوگرافی و سیاسیی تاران لێکدەدەنەوە.

​لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ جام کوردی، بیلال خەیات نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بە پەیامە نێودەوڵەتییەکانی ئەم ڕووداوە دا و ڕایگەیاند:

​"ئەم گەشتە مەراسیمییە پەیامێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی توندیشی تێدایە کە ڕووی دەمی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا. نیشاندانی توانای ڕێکخستنی مەراسیمێکی فرەوڵاتی لە نێوان ئێران و عێراقدا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە ستراتیژیی 'یەکگرتنی گۆڕەپانەکان' کە ئایەتوڵا خامنەئی لە ژیانیدا دایڕشتبوو هێشتا کارایە و خاک و جۆگرافیای عێراق هێڵێکی سووری پڕۆژەی بەرگریی ئێرانە."

​بەم شێوەیە، گواستنەوەی تەرمەکە لە تارانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا و پاشان بەرەو مەشهەد، تەنها ڕێوڕەسمێکی ماڵاوایی ئاسایی نییە، بەڵکو نەخشەڕێگایەکی سیاسیی نوێیە کە تاران دەیەوێت لە ڕێگەیەوە هاوسەنگیی هێز لە قۆناغی دوای خامنەئیشدا لە بەرژەوەندیی خۆی بپارێزێت.