🟥 ئاژانسی هەواڵی میهر ڕایگەیاند؛ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە چەند ناوچەیەکی باشووری وڵات بیستراوە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە دەوروبەری شاری بەندەر عەباس بەرپەرچی چەند ئامانجێکی دوژمنکارانەی داوەتەوە، لە کاتێکدا تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ٨ تەقینەوە لەو شارەدا بیستراون.

🟥 هاوکات، ناوچەکانی وەک سیریک، بوشەهر و دوورگەی ستراتیژیی خارک کراونەتە ئامانج. سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکەی سەر بوشەهر چاودێری کراوە .

🟥 دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکان لە شاری چابەهاری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، تۆڕی کارەبا لە چەندین گەڕەکی ئەو شارە بە تەواوی پچڕاوە و باس لە پێدانی گورز بە برجی سەکۆی گومرگی بازرگانی ئەو بەندەرە دەکرێت.

🟥 پێگەی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە؛ سوپای ئەمریکا گورزی سەربازیی ئاراستەی چەند ئامانجێکی دیاریکراوی ئێران لە گەرووی هورمز کردووە.

🟥 جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تونددا هۆشداریدا و ڕایگەیاند: "ئۆپەرایۆنە سەربازییەکانمان بەردەوام دەبن مەگەر ئەوەی ئێران هێرشکردنە سەر کەشتییەکان ڕابگرێت.

🟥 دەشڵێت؛ ڕێککەوتنی ئێمە ڕوونە؛ ئەگەر تەقە لە کەشتییەکان بکەن، بە توندی وەڵام دەدەینەوە و وەڵامەکانی داهاتووشمان زۆر توندتر دەبن."

🟥 ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت یان هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، ڕووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوەی شەوی ڕابردوو دەبێتەوە.

🟥 لە بەرامبەردا، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی هێزەکانی ئەمریکای بە "تیرۆریست" ناوبرد و ڕایگەیاند؛ بەرپەرچدانەوەی توند لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بوونی هەبووە.

🟥 پێگەی "نوور نیوز"یش لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵاوە گواستییەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەکاری دەکەن بۆ وەشاندنی هێرشێکی "بەرفراوان و پەشیمانکەر" بۆ سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

🟥 هاوکات لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سەربازیی نێوان واشنتۆن و تاران، وڵاتانی ناوچەکە کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە. هەریەکە لە وڵاتانی بەحرەین و کوەیت بە فەرمی حاڵەتی ئامادەباشی باڵا و فریاکەوتنیان لە وڵاتەکانیاندا ڕاگەیاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو یان پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزدا.