​سەید حەسەن پیرخدری لە سەرەتای قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە گرنگیی ئاینیی ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند:

​"هێنانی جەستەی ڕابەری شەهید، سەید عەلی حوسێنی خامنەیی بۆ عێراق، پەیامێکی ڕوون و مێژووییە بۆ سەرجەم زلهێزەکانی جیهان. ئەمە دەیسەلمێنێت کە سەرەڕای تەکەتول و هەژموونی هێزە داگیرکەرەکان و پشتیوانیی دەوڵەتە مونافقەکان، ئیرادەی گەلانی موسڵمان تێکناشکێت. پیاوێک لە تەمەنی نزیکەی ٩٠ ساڵیدا توانی بەوپەڕی هۆشیارییەوە بڵێت 'نەخێر' بۆ زوڵم و ستەمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەت ڕژێمی زایۆنی، و بە خوێنی خۆی نەخشەڕێگای یەکێتیی ئیسلامی کێشا."

​هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پێشوازییە وەڵامێکی توندە بۆ ئەو لایەنانەی کە ساڵانێکە کار لەسەر دروستکردنی درز لە نێوان شیعەکانی عێراق و ئێراندا دەکەن. ئەو جەختی کردەوە:

"خەڵکی باشووری عێراق کە زۆرینەیان لە مەزهەبی شیعەن، بەم پێشوازییە گەرمە بە زمانی حاڵ بە دوژمنانیان وت کە چەندە هەوڵی تەفرەقە بدەن، ناتوانن پەیوەندیی نێوان ئەم دوو گەلە تێکبدەن. ڕابەری شەهید هەمیشە داواکاری یەکڕیزیی گشتیی نێوان شیعە و سوننە بووە و جیاوازییەکانی کردووە بە خاڵی بەهێزی ناوچەکە."

​لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، ئەم شیکەرەوە سیاسییە تیشکی خستە سەر بەشداریی بەرفراوانی نوێنەران و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەم مەراسیمەدا و وتی:

"گەلی کورد میللەتێکی بەئەمەک و شەریفە. لە کاتی کیمیاباران و کۆڕوو کارەساتی ئەنفالدا کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی کورد ئاوارەو شەهید و بێسەروشوێن کران، هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی و بەناو موسڵمان پشتیوانی لێ نەکردین؛ تەنها کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە دەروازەکانی بۆ واڵا کردین و باوەشی بۆ کرتینەوە."

​بۆیە ئێمە لە ڕێگەی سەکۆی جام کوردییەوە بە دۆستانمان لە ئێران دەڵێین: گەلی کورد چاکەی چاکەکاران لەبیر ناکات. تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش دژی ئێران کۆببنەوە، ئێمە پشت لە دۆستە ڕاستەقینەکانمان ناکەین و وەک هاوپەیمانێکی بەوەفا دەمێنینەوە."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ​پیرخدری پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی گەلی ئێران کرد و وتی:

"بۆ برا ئێرانییەکانمان دەڵێین، وەک چۆن مەشهەد و قوم لای ئێوە پیرۆزە، دەبێت بە هەمان چاو و پیرۆزییەوە سەیری نەجەف و کەربەلا بکرێت. هیچ سنوورێکی دەستکرد ناتوانێت ئێمە لێک داببڕێت. گەلی عێراق بە حەماسەتێکی زۆرەوە وەک مەرجەع و ڕابەرێکی گەورە پێشوازییان لە جەستەی ئەم شەهیدە کرد."

​سەبارەت بە گەلی عێراقیش، ڕوونیکردەوە کە عێراق و ئێران لە بنەڕەتدا یەک جەستەن و خاوەنی پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژی هاوبەشن: "لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و لە شەڕی دژ بە داعشی تیرۆریستدا، خوێنی سەرکردە و ڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەگەڵ خوێنی ڕۆڵەکانی عێراق لە یەک سەنگەردا تێکەڵ بوو، ئەمەش بەرزترین ئاستی هاوڕێیەتی و هاوپەیمانییە."

​ سەید حەسەن پیرخدری جەختی کردەوە کە هەوڵەکانی نەیاران بۆ بەکارهێنانی کارتی نەتەوەپەرستی و دروستکردنی جیاوازی لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا بە تەواوی شکستی هێناوە. ئەو ئاماژەی بە پەیوەندییە توندوتۆڵە کۆمەڵایەتی و خزمایەتییەکانی نێوان خەڵکی عێراق و ئێران (بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکان کە پەیوەندیی ژن و ژنخوازی و ئامۆزایەتی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە) کرد و وتی:

​"دوای ئەوەی ڕژێمی زایۆنی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێرش و پیلانەکانی خۆی ئاشکرا کرد، تەنانەت ئەو کەسانەش کە پێشتر گومان یان ناڕەزایەتییەکیان هەبوو، ئێستا بۆیان دەرکەوتووە کە ئامانجی سەرەکی جوولەکە لەناوبردنی تەواوی ناوچەکەیە. بۆیە ئێستا هەموان یەکدەنگن لەسەر پێشوازی لە پڕۆژەی یەکڕیزی. ئەم پێشوازییە مێژووییەی عێراق گەورەترین پەیامە کە دەڵێت هیچ هێز و تاغوتێک ناتوانێت درز بخاتە نێوان بەرەی خۆڕاگری."