​پەیامنێری (جام کوردی) لەمبارەیەوە گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر ناسح عەلی خەیات ئەنجامدا، کە وەک یاوەر و چاودێرێکی شاندەکە لە نزیکەوە بینەری ڕووداوەکان بووە.

​پێشوازییەکی فەرمی و جەماوەری لە فڕۆکەخانەی نەجەف

​ناسح عەلی خەیات لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ (جام کوردی) ئاماژەی بە چۆنیەتی دەستپێکردنی مەراسیمەکە کرد و وتی:

​"ڕوفاتی ئایەتوڵا خامنەیی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفەوە گەیەنرایە عێراق. لەوێ پێشوازییەکی گەورە و بەرفراوانی فەرمی و ئایینی لێکرا. سەرۆک وەزیران، ئەندامانی پەرلەمان، شێخی هۆزەکان، کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان، و تەنانەت هونەرمەندانیش ئامادەبوون. دوای پێشوازییەکە، تەرمەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بە ڕێگاوە بوو بەرەو مەزارگەی پیرۆزی ئیمامی عەلی (ع) لە نەجەف بە مەبەستی بەڕێکردن و خوێندنی سورەتی فاتیحە."

​ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان

فۆتۆگرافەرو رۆژنامەنوسە کوردە بەشداربووەکەی وتیشی: "ئێمە وەک شاندێک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەوە بەشداربووین، لەگەڵ ڕوفاتەکە شار بە شار گەڕاین و لە نزیکەوە شایەتی ئەو وێنا مێژووییە بووین کە لە نێوان شارەکانی بەغداد، نەجەف و کەربەلا تۆمارکرا."

​ڕووداوێکی مێژوویی کەموێنە؛ ئامادەبوونی زیاتر لە 4 ملیۆن کەس

​ئەو ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرە سەرنجی خۆی لەسەر قەبارەی قەرەباخییەکە خستەڕوو و ڕایگەیاند:

​زیاتر لە ٤ ملیۆن هاوڵاتی و زیارەتکار لە نەجەف و کەربەلا ئامادەبوون بۆ ماڵاوایی کۆتایی" ئەمەش ڕووداوێکە لە مێژوودا کەم وێنەیە و دووبارەبوونەوەی زۆر زەحمەتە. ئەگەر کەسێک بە چاوی خۆی نەیبینێت، بڕواکردنی لە داهاتوودا بۆ نەوەکانمان کارێکی قورس دەبێت."

​چونکە ئایەتوڵا خامنەیی تەنها سەرکردەیەکی ئایینی نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی جیهانی بوو کە سەرنجی هەموو جیهانی (تەنانەت ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە)ی لەسەر بوو.

​دڵاوایی و میواندۆستی بێپایانی خەڵکی نەجەف و کەربەلا

​یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە ناسح عەلی خەیات جەختی لێکردەوە، سروشتی مرۆیی و میواندۆستی هاوڵاتیانی ناوچەکە بوو:

​"تەواوی ماڵەکانی نەجەف و کەربەلا دەرگایان بۆ میوانەکان واڵا کردبوو. هیچ زیارەتکار و میوانێک پێویستی بەوە نەبوو پارە بۆ خواردن و خواردنەوە یان مانەوە (خەرج بکات). خەڵکی نەجەف و کەربەلا بە دڵ و بە گیان نان و ئاو و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ئەم مەراسیمە گەورەیان گرتە ئەستۆ."

​ئارامی دەروونی لە مەزارگە پیرۆزەکان و کۆتایی گەشتەکە

​لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ (جام کوردی)، ئەو رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەی هەڵەبجە هەستی خۆی لە کاتی سەردانیکردنی مەزارگەکان دەربڕی و وتی:

"خۆشبەختانە شادبووین بە زیارەتی مەزارگەی پیرۆزی ئیمام حسێن، ئیمام عەلی و ئیمام عەباس. ئەو شوێنە ئایینیانە ڕاستی ئارامییەکی بێپایان بە دڵ و دەروونی مرۆڤەکان دەبەخشن و زۆر گرنگە هەموو کەسێک سەردانیان بکات. بۆیە پێویستە عێراق گرنگی زیاتر بە خزمەتگوزارییەکانی ئەم شوێنە پیرۆزانە بدات."

​شایەنی وتنە مەراسیمی ماڵاوایی لە تەرمی رابەری کۆچکردووی ئێران لە عێراق تا کاتژمێر ١١ی شەو لە کەربەلا بەردەوام بوو. دواتر ڕوفاتەکە بەرەو کۆماری ئیسلامی ئێران گەڕێنرایەوە و ڕۆژی هەینی لە شاری مەشهەد لە مەزارگەی تایبەتی خۆی بە خاک سپیردرا.