بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بێهرەنگ بابایی ڕایگەیاند: لە ئێستادا لە کۆی 11 هۆتێلی قەسر شیرین، 2 هۆتێل بە شێوەیەکی هەمیشەیی چالاکن، 6 هۆتێلی دیکەش لە ماوەی سەردەمی ئەربەعیندا چالاکییەکانیان دەستپێدەکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: بە چالاککردنی ئەم 8 هۆتێلە، توانای مانەوە لە نێوان 750 بۆ 800 کەس بۆ زیارەتکاران دابین دەکرێت و ئەم سەنتەرانەش لە سەردەمی ئەربەعیندا بە تەواوی سوودیان لێ وەردەگیرێت. هەروەها بە دووبارە کردنەوەی ئەم هۆتێلانە هەلی کار بۆ ژمارەیەک گەنجی شارەکە دەڕەخسێت.

بابایی، بە ئاماژەدان بە داخستنی درێژخایەنی سنووری خوسرەوی و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧، کە بووە هۆی وەستانی ناوەندەکانی حەوانەوە لەم شارەدا، وتی: پێش داخستنی سنووری خوسرەوی، قەسر شیرین 11 هۆتێل، 10 میوانخانە و 15 ناوەندی مانەوەی زیارەتکاری هەبوو و زۆربەی کاروانەکانی ئەربەعین بۆ ماوەی یەک شەو لەم شارەدا دەمانەوە.

بێهڕەنگ بابایی ئەوەشی خستەڕوو: دوای کردنەوەی سنوورەکانی دیکە، زیارەتکارن لە نێوان ڕێگا جیاوازەکاندا دابەشبوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاوەدانی ڕابردوو نەگەڕێتەوە بۆ هۆتێلەکانی قەسرشیرین. هەروەها ئەو پشکەش کە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی هەندێک لە پارێزگاکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا لە ڕێگەی سنووری خوسرەوییەوە دانرابوو، هێشتا بە تەواوی بەدی نەهاتووە.

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئیدارەی میراتی ڕۆشنبیری قەسرشیرین بە ئاماژەدان بە توانای پزیشکی سنووری خوسرەوی و پەرویزخان وتی: بە لەبەرچاوگرتنی چوونە ژوورەوەی نەخۆشە عێراقییەکان بۆ پارێزگاکە، گۆڕینی بەشێک لە هۆتێلەکانی قەسر شیرین بۆ "هۆتێل نەخۆشخانە" دەتوانێ بنەمایەک بێت بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری تەندروستی و ئەم ناوەندانە لە چەقبەستوویی ڕزگار بکات.