پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە کۆی 400 هەزار تۆنی پلاندانراو، 332 هەزار و 909 تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان کراوە، کە 86٪ـی پلانی ئەمساڵ پێکدێنێت. بەپێی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕۆژی 15ـی تەممووز دوایین وادەی ڕادەستکردنی گەنمە بۆ ئەو جووتیارانەی هێشتا بەرهەمەکانیان نەگەیاندووەتە سایلۆکان، بۆیە داوایان لێکراوە لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا نۆرە وەربگرن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن. تا 10ـی تەممووز، لە سلێمانی و هەڵەبجە 124 هەزار و 673 تۆن، لە هەولێر 113 هەزار و 165 تۆن و لە دهۆک 95 هەزار و 71 تۆن گەنم وەرگیراوە، هەرچەندە ژمارەکانی هەولێر و دهۆک هەندێک ناوچە ناگرێتەوە.