بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، "کیومەرس ئەعەزەمی"، بە ئاماژەدان بە گرنگی گردی دێرینی قەباق تەپە، ڕایگەیاندووە: "ئەو هەڵکۆڵینە شوێنەوارییانەی کە لەم ناوچەیەدا ئەنجامدراون، بوونی گەلی ئاشووری نوێیان لە کرماشان بۆ یەکەمجار سەلماندووە، هەروەها شوێنەوارگەلێک سەردەمی کاسییەکان تا سەردەمی ئاشووری نوێ، لەنێویاندا بەشێک لە بەردیادگاری سارگۆنی دووەم، پاشای ئاشووری، لەوێ دۆزراوەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، قەباق تەپە توانای ئەوەی هەیە ببێتە شوێنی مۆزەخانە بەهۆی هەڵکەوتەی گونجاو و دەستڕاگەیشتنی ئاسان و توانای بەرزی شوێنەواریی و وتیشی: "بەردەوامی هەڵکۆڵینەکانی ئەم ناوچەیە پێویستی بە پێشکەشکردنی پلانی توێژینەوە و بودجە هەیە".

بەرپرسی میراتی ڕۆشنبیری کرماشان هەروەها کۆشکی خوسرەو لە قەسر شیرینی بە بژاردەیەکی دیکەی گرنگ بۆ دروستکردنی شوێنی مۆزەخانە زانی و وتی: تا ئێستا حەوت قۆناغی هەڵکەندن لەم بینای ساسانیەدا ئەنجام دراوە و هەڵکەوتەکەی لەسەر ڕێڕەوی زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکان و میحوەری ساسانییەکان کە لە ئێستادا وەک میراتێکی جیهانی تۆمار کراوە، توانایەکی بەرزی دروستکردووە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، بەتایبەتی گەشتیارانی عێراقی.

ئەعزەمی لە کۆتاییدا پەرستگای ئاناهیتا و گۆڕستانی پارتییەکانی تاق وەسانی وەک شوێنگەلێکی دیکە ناساند کە شیاون ببنە شوێنی مۆزەخانە و وتی: کرماشان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی شوێنەوارە مێژووییە، توانای دروستکردنی شوێنی مۆزەخانەی زیاتری هەیە، ئەمەش بەس پێویستی بە پلاندانان و بودجە هەیە بۆ بەدیهێنانی.