بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچێهر حەبیبی لە ئەمڕۆ دووشەممە ۲۲ی پووشپەڕ بە پێشوازی بەرپرسانی پارێزگای دیالە، سەفەرەکەی بۆ عێراق دەستپێکرد.

پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و ڕۆشنبیری نێوان هەردوو وڵات و دیدار لەگەڵ پارێزگاری دیالە و کۆمەڵێک بەرپرسی سیاسی عێراق، وەک گرنگترین بەرنامەکانی ئەم سەفەرە ڕاگەیەندراوە.

هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی ڕۆژانی ئەربەعین، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان لەسەر خاکی عێراق و ڕێڕەوی مەزارگە پیرۆزەکان وەک تەوەرە سەرەکییەکانی دیکەی ئەم سەفەرەن دێنە ئەژمار.

لەم سەفەرەدا نوێنەری خەڵکی قەسرشیرین، گیلان غەرب و سەر پول زەهاب لە پەرلەمان، بریکاری ئابووری پارێزگار، فەرماندەکانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاسەوانی سنوور، قایمەقامی کرماشان، قەسر شیرین و گیلان غەرب، بەڕێوەبەری گشتی دەزگا پەیوەندیدارەکان، یاریدەری پارێزگار لە کاروباری عێراقدا و نوێنەری ژووری بازرگانی پارێزگا، یاوەری پارێزگاری کرماشان دەکەن.

ئەم سەفەرە لە درێژەی ڕاوێژکاری هاوبەشی نێوان کرماشان و پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت؛ پێشتریش چەند شاندێک لە پارێزگای دیالە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کرماشان گەشتیان کردبوو بۆ ئەم پارێزگایە و تاوتوێی فراوانکردنی هاوکاری هاوبەشیان کردبوو.