دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دۆشاوی تەماتەی بەشەخۆراک لە کاتی کردنەوەدا گاز دەردەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە دەستپێکردووە. بەرپرسان دەڵێن ئەو حاڵەتە گشتی نییە و لەوانەیە تەنها لە هەندێک شوێن ڕوویدابێت، بۆیە لیژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی هاوشێوە. لەلایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی خۆراک هۆشداری دەدەن کە ئەو دۆشاوانەی گاز تێیاندا دروست دەبێت نابێت بەکاربهێندرێن، چونکە ئەگەری گەشەکردنی بەکتریا تێیاندا هەیە. بەپێی ڕاڤەی پسپۆڕان، هەڵە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، پڕکردنی زۆری قوتووەکان یان هەڵگرتن لە شوێنی زۆر گەرم، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخەن. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە درەنگوەخت وەرگرتنی بەشەخۆراک و هەڵگرتنی لە بارودۆخی ناگونجاو دەکرێت کاریگەری لەسەر کوالێتی خۆراکەکە هەبێت. بەرپرسان داوایان لە هاووڵاتییان کردووە لە ئەگەری بینینی هەر کێشەیەکدا ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بۆ ئەوەی بە خێرایی بەدواداچوون و چارەسەری پێویست ئەنجام بدرێت.