کەمتر لە مانگێک دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەیی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و دروستکردنی هیوایەک بۆ گەڕانەوەی دیپلۆماسی، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لێکتێگەیشتنەکە کۆتایی هاتووە و سوپای تیرۆریستی ئەمریکا لە چەند قۆناغدا هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە خاکی ئێران، جارێکی دیکە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەی خستە هەلومەرجی نوێ. هەرچەندە هێشتا ڕەهەندەکانی ئەم هاوکێشە نوێیە بۆ چاودێرانی سیاسی و سەربازی ڕوون نییە، بەڵام لە ڕوانگەی ئابووریناسان و چالاکانی بازاڕەوە، گەڕانەوەی "نادڵنیایی" بۆ ناوچەکە دەتوانێت کاریگەریی ئابووری بەرچاوی هەبێت، بەقەد قەیرانی ئەمنی بەرچاو.

بازاڕە داراییەکانی جیهان هەمیشە خێراتر لە حکومەتەکان کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بە پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکان. وەبەرهێنەران مەترسییە ئەگەرییەکانی داهاتوو لە نرخی سەروەت و ساماندا ڕەنگ دەدەنەوە پێش ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری فەرمی بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی لێکتێگەیشتنەکە، جارێکی دیکە سەرنجی بازرگانان ڕووی لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمز و بازاڕی جیهانی وزە کرا؛ ئەو بوارانەی کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بوونەتە گرنگترین جێگەی نیگەرانی ئابووری جیهانی، هەرجارەیان لەگەڵ زیادبوونی گرژییە سیاسییەکان.

بێگومان لە سێ مانگی ڕابردوودا، هەرچەندە جیاوازیی نێوان تاران و واشنتۆن بە تەواوی کۆتایی نەهاتبوو، بەڵام بوونی لێکتێگەیشتنێکی ڕێژەیی بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە بازاڕەکان دوور بخرێنەوە. ئەمەش بووە هۆی سەقامگیری ڕێژەیی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی نیگەرانییەکانی ئەکتەرە ئابوورییەکان و ئارامبوونەوەی بازاڕە داراییەکان. بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، جارێکی دیکە دۆخەکە گۆڕاوە.

بۆچی بازاڕەکان لە سیاسەتمەداران زیاتر نیگەرانن؟

ئابووری جیهانی زیاتر لە جاران وابەستەی ڕۆیشتنی ئازادی وزەیە. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە وڵاتان هەوڵیان داوە پشتبەستنیان بە نەوت کەم بکەنەوە، بەڵام هێشتا نەوت و گاز پایەی سەرەکی ئابووری جیهانن. هەر مەترسییەک لەسەر ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە یەکسەر خۆی لە نرخی نەوت، تێچووی گواستنەوە، ڕێژەی بیمە، بۆرسە و تەنانەت ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتاندا دەردەکەوێت.

لەم ڕوانگەیەوە کۆتایی هاتنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی نییە؛ هەروەها پەیامێکە کە دەتوانێت چاوەڕوانییەکانی ئەکتەرە ئابوورییەکان بگۆڕێت چونکە ئەزموونی ئابووری دەریخستووە کە بازاڕەکان زیاتر زیانیان پێدەگات بەهۆی ئەگەری شەڕ و نادڵنیایی درێژخایەن نەک بەهۆی ڕوودانی شەڕەوە. کاتێک وەبەرهێنەران داهاتوویەکی نادیار دەبینن، پڕۆژەی نوێ ڕادەگرن، بانکەکان زیاتر وریا دەبن لە پێدانی ئاسانکاری و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بڕیارەکانی وەبەرهێنانیان دوادەخەن. هەر بۆیە زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە هەرچەندە مەرج نییە کۆتایی هاتنی ئەو لێکتێگەیشتنە بە مانای دەستپێکردنی ململانێیەکی سەربازی بێت، بەڵام دەتوانێت شەپۆلێکی نوێی نادڵنیایی بخاتە ناو ئابووری جیهانییەوە؛ شەپۆلێک کە کاریگەرییەکانی زۆر لە سنوورەکانی ئێران و ئەمریکا فراوانتر دەبن.

گەرووی هورمز؛ دڵی لێدانی بازاڕی وزە

لە نێوان هەموو گۆڕاوە ئابوورییەکان، ڕەنگە هیچ پرسێک زیاتر لە ئاسایشی گەرووی هورمز جێگەی سەرنجی بازاڕە جیهانییەکان نەبێت. ئەم ڕێڕەوی ئاوییە ستراتیژییە ڕێڕەوی بەشێکی بەرچاو لە نەوتی خاو و گازی سروشتی شلکراوی جیهانە و هەر تێکچوونێک لە ئاسایشەکەیدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دەبێت؛ بۆیە لە ڕاپۆرتێکدا کە لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەکات، واشنتۆن پۆست گەرووی هورموزی وەک هێشتا میحوەرێکی سەرەکی قەیرانەکە وەسف کردووە و نووسیویەتی کە هەر نائەمنییەک لەم ڕێگایەدا دەتوانێت بە شۆکێکی نوێ ڕووبەڕووی بازاڕی وزەی جیهانی ببێتەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا پێنج بەرزبووەتەوە و نیگەرانییەکانیش لەبارەی پچڕانی دابینکردنی وزە بۆ جارێکی دیکە توندتر بووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە هۆشداریی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیش کردووە، کە داوای لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کردووە بە وریایی زیاترەوە گەرووی هورمز بەکاربهێنن تا ئەوکاتەی ئاسایشی تێپەڕینەکە مسۆگەر دەکرێت. هەرچەندە هێشتا وەستانی بەربڵاوی گواستنەوەی دەریاییمان نەبینیوە، بەڵام ئەم هۆشدارییانە بەزۆری بەسە بۆ زیادکردنی ڕێژەی بیمەی کەشتییەکان و زیادکردنی تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان.

لە ئابووری جیهانیدا تێچووی گواستنەوە تەنیا ژمارەیەک نییە لەسەر پارەی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی؛ هۆکارێکە کە لە کۆتاییدا دەگوازرێتەوە بۆ نرخی کاڵای بەکاربەر، کەرەستەی خاو، بەرهەمە پیشەسازییەکان و تەنانەت خۆراکیش. هەر بەم هۆیەشەوە هەر جۆرە زیادبوونی مەترسی لە کەنداوی فارسدا دەتوانێت زنجیرەیەک لە زیادبوونی تێچوونەکان لە ئابووری جیهانیدا دروست بکات.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست درێژەی بە ڕاپۆرتەکەی دا و داڕمانی ئەو لێکتێگەیشتنەی بە پاشەکشەیەکی گەورە بۆ ترەمپ وەسف کرد کە ڕێککەوتنی سەرەتایی وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕ و سەقامگیرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز خستبووەڕوو. لە ڕوانگەی ڕۆژنامەکەوە نەک هەر ئێستا ئامانجی کردنەوەی ئەم ڕێڕەوی ئاوە ستراتیجییە بە شێوەیەکی سەلامەت نادیارە، بەڵکو دانوستان و وتووێژە ئەتۆمییەکانی سووککردنی سزاکانیش لە دۆخێکی نادیاردایە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازی گێڕانەوەی تاران و واشنتۆن سەبارەت بە پرۆسەی دانوستان دەکات. ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکان، ئێران بە ئاشکرا ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش متمانەی نێوان هەردوولا لەناوبردووە. لەبەرامبەردا کاربەدەستانی ئێران ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان و پێیان وایە واشنتۆن بە کردەوەکانی ئەم دواییە بنەمای درێژەدان بەو لێکتێگەیشتنەی لەناوبردووە.

ئابووری جیهان ڕووبەڕووی سێ سیناریۆ دەبێتەوە

لە هەلومەرجی ئێستادا ئابووری جیهان خەریکە سێ سیناریۆی جیاواز هەڵدەسەنگێنێت نەک چاوەڕوانی شەڕێکی نوێ؛ سیناریۆکان، هەریەکەیان دەتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕەوتی بازاڕە جیهانییەکان بگۆڕێت.

سیناریۆی یەکەم ئەوەیە کە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان؛ بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ کەشوهەوای سیاسیی هەڵگیرساندووە و کردەوە سەربازییەکانی قەیرانەکەی زیاتر کردووە، بەجۆرێک کە دانوستانەکانی ئەم دواییەی مەسقەتیش نەیانتوانیوە هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنن و چاوەڕوانییەکانی لایەنەکانیشیان بەدی نەهێناوە. لەم سیناریۆیەدا، بازاڕەکان وردە وردە دوای ماوەیەک لە ناجێگیری، ئارامی خۆیان وەردەگرنەوە، نرخی نەوتیش بەشێک لە بەرزبوونەوەی ئەم دواییە ڕاست دەکاتەوە.

سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە دۆخی ئێستا بەردەوام بێت و گرژییەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێننەوە؛ دۆخێک کە نە دەبێتە هۆی ڕێککەوتن و نە شەڕی ئاراستەکردن. زۆرێک لە شیکاران ئەم سیناریۆیە بە ئەگەری زیاتر دەزانن. لەم حاڵەتەدا ئابووری جیهان ڕووبەڕووی مەترسی درێژخایەن دەبێتەوە بەڵام دەتوانرێت بەڕێوەبچێت؛ نرخی وزە لە ئاستێکی بەرزتر لە تێکڕای مانگەکانی پێشوودا دەمێنێتەوە و تێچووی کەشتیوانی زیاد دەکات و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە وریاییەوە وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا دەکەن.

بەڵام سیناریۆی سێیەم ئەوەیە کە ململانێ سەربازییەکان بگەڕێنەوە؛ سیناریۆیەک کە هەرچەندە هێشتا بە ئەگەری کەمتر دادەنرێت لە چاو دوو سیناریۆکەکەی تر، بەڵام زۆرترین نیگەرانی بۆ بازاڕە جیهانییەکان دروستکردووە. ئەگەر دۆخێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، یەکەم بازاڕەکان کە کاردانەوەیان دەبێت، بازاڕەکانی نەوت، زێڕ، دراو و کەشتیوانی دەبن و شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسانیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ئابوورییەکانی جیهان هەبێت.

گەمارۆی دەریایی و هورمز و گەڕانەوەی مەترسی درێژخایەن بۆ سەر ئابووری جیهانی

هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئایندەی دیپلۆماسی، بەشێک لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بە ئەگەری گۆڕانکاری لە ڕێبازی واشنتۆن بەرامبەر بە ئێران دەکەن. کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە هەندێک سەرچاوەی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە جیاتی هەنگاونان بەرەو شەڕێکی تەواو، ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ سیاسەتی "زۆرترین گەمارۆی دەریایی" دژی ئێران بخاتە بەرنامەی کارەوە، کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت فشارەکان لەسەر بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا زیاتر بکات.

بە بڕوای ئابووریناسان، ڕێبازێکی لەم شێوەیە تەنانەت بەبێ شەڕی ڕاستەوخۆ دەتوانێت لێکەوتەی ئابووری بەرفراوانی هەبێت. چونکە سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی یان زیادکردنی مەترسی گواستنەوە لە کەنداوی فارس ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تێچووی بازرگانی جیهانی و نرخی وزە دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە و لەگەڵ خولی سێیەمی هێرشەکانی سوپای تێرۆریستی ئەمریکا بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە پێی بەیاننامەیەک کە سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە لایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، بە هۆی دەستێوەردانی نایاسایی کەسانی بیانی، گەرووی هورمز تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر دادەخرێت و تا کۆتایی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادرێت.

بەم پێیە پێویستە هۆشداریی ئابووریناسان دووپات بکەینەوە کە کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتوچۆی کەشتی و وەستانیان لە گەرووی هورمز بێ گومان گورزێکی نوێ لە بازاڕی وزە دەدات؛ بازاڕێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی پچڕانی دابینکردن بووەتەوە، لە پەتای کۆرۆناوە تا شەڕی ئۆکرانیا و قەیرانەکانی جیۆپۆلەتیکی.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا خەمی سەرەکی بازاڕەکان تەنها ئەگەری کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوت نییە، بەڵکو زیادبوونی تێچووی بیمەی تانکەرەکان و درێژبوونەوەی ڕێگاکانی گواستنەوە و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی نەوتی جیهانە. ئەزموونی قەیرانەکانی ڕابردوو دەریخستووە کە تەنانەت کەمبوونەوەی سنووردار لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژیدا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی وزە و کاڵاکان هەبێت. هەروەها سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنە نوێیەکەیدا هۆشداری داوە کە پێناچێت بازاڕی نەوتی جیهانی لە ماوەی کورتخایەندا بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ئێران و بەردەوامی گرژیەکان دەتوانێت بەرزبوونەوەی نرخی وزە بکاتە واقیعێکی هەمیشەیی.

ئەگەر ئەم پێشبینییە بێتە دی، ئابووری جیهانی لە دەرەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی دەبێتەوە؛ چونکە گرانبوونی نەوت بە واتای زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، چڕبوونەوەی فشارەکانی هەڵاوسان، خاوبوونەوەی پرۆسەی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و دواجار خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری لە زۆرێک لە وڵاتان. هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە پشتبەستن بە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ململانێی ئێستا بووەتە شەڕێکی کراوە و ئاسۆیەکی ڕوونی لەسەر یەکێک لە گرنگترین گەردنی وزەی جیهان نییە. ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕەنگە پەرەسەندنی گرژییەکان بۆ چەند ڕۆژێک، هەفتەیەک یان تەنانەت چەند مانگێک بەردەوام بێت، ئەمەش ڕەنگە نادڵنیایی بکاتە گرنگترین گۆڕاو کە کاریگەری لەسەر بازاڕە جیهانییەکان هەبێت.

ئابووریناسان پێیان وایە لە ژینگەیەکی لەو شێوەیەدا ئەگەر شەڕێکی بەرفراوانیش ڕوونەدات، بەردەوامیی نادڵنیایی دەتوانێ بەقەد ململانێیەکی سەربازی تێچووی زۆری هەبێت. وەبەرهێنەران بڕیارەکانیان دوادەخەن لە هەلومەرجی نادڵنیاییدا، کۆمپانیاکان پڕۆژەی نوێ ڕادەگرن و بازاڕە داراییەکان ڕووبەڕووی ناجێگیری زیاتر دەبنەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە مەترسی سەرەکی بەردەم ئابوری جیهان هەڵگیرسانی شەڕێکی کورتخایەن نییە، بەڵکو چوونە ناو قۆناغێکی درێژخایەنی ناسەقامگیرییە لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمز؛ دۆخێک کە دەتوانێت بۆ چەند مانگێک کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە و بازرگانی جیهانی و ئاسۆی گەشەی ئابووری نێودەوڵەتی هەبێت.

کۆتایی هاتنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو ڕووداوێکە کە دەتوانێت جارێکی دیکە "مەترسی جیۆپۆلەتیکی" بکاتە یەکێک لە گرنگترین گۆڕاوەکان کە کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەیە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیوانی، فشار لەسەر زنجیرەی دابینکردن، بەرزبوونەوەی چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان و وریایی زیاتری وەبەرهێنەران، یەکەم دەرئەنجامی وەها دۆخێک دەبن. بۆ ئابووری ئێران، گرینگترین مەترسی تەنیا زیادبوونی گوشارە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو ئەگەری گەڕانەوەی چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان و دابەزینی متمانەی ئەکتەرە ئابوورییەکانیشە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا سەرکەوتنی داڕێژەرانی سیاسەت زیاتر لە هەموو کاتێک پەیوەستە بە توانای پاراستنی سەقامگیری ئابووریی گەورە و بەڕێوەبردنی بازاڕەکان و ڕێگریکردن لە گۆڕینی قەیرانی سیاسی بۆ قەیرانی ئابووری.