لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا، فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ شاندی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی کە سەردانی تارانیان کردبوو بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان و دەربڕینی هاوسۆزییان.

فەرامەرز ئەسەدی باسی لەوەکرد کە شاندەکان لەو چەند کاتژمێرەی لە تاران بوون، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کراوە و چەندین دیداری سیاسییان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران ئەنجام داوە، لەوانەش سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان. هاوکات سوپاسی تایبەتی سەرجەم حیزب و لایەنەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکانیشی کرد بۆ بەشدارییان.

 سەرکونسوڵی گشتیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانیی وڵاتەکەی لە کورد هەر ئەوە بووە؛ چونکە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کورد پەیوەندییەکی کاتی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی مێژوویی و پڕ لە خەباتی هاوبەشە کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا پێکەوە کاریان کردووە و ئەم هەڵوێستەش نموونەیەکی ئەو پەیوەندییەیە.