زیاتر لە 50 هەزار و 200 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، بەڵام بۆ دوو مانگی دوایین وەرگرتنی مووچەیان دوا کەوتووە. بەپێی زانیارییەکان، مانگانە زیاتر لە 64 ملیار دینار پێویستە بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم توێژە. کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆ، لەگەڵ کەمکردنەوەی بەشێک لە تەمویلی مووچە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنەن. لە هەمان کاتدا بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار بۆ تەمویلی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتووەتە هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری. بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەست پێ بکات، بەڵام هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکان ڕانەگەیەندراوە.