​پەیامنێری جام کوردی بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەندەکانی ئەم دیدارە چارەنووسسازە، گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، برزو حەبیب ئەنجامداوە.

​برزو حەبیب لە دەستپێکی شرۆڤەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەژێر پەستانە توندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بێت، دەیەوێت هاوبەشییەکی ستراتیژیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات. حەبیب وتی:

​"ئەم کۆبوونەوەیە وەرچەرخانێکی گرنگە. عێراق بەدوای کشاندنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لە چوارچێوەی سەربازییەوە بۆ کایەی ئابووری و وەبەرهێنان، بەڵام واشنتۆن هێشتا پابەندبوونی خۆی بە مەرجە سەربازی و سیاسییەکانەوە گرێداوە."

​بەپێی شرۆڤەکەی برزو حەبیب، شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی زەیدی کۆمەڵێک داواکاری گرنگیان خستووەتە ڕوو کە بریتین لە:

​هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا بۆ بواری وزە، کارەبا، ژێرخان و تەکنەلۆجیا، بەتایبەت لە کێڵگە نەوتییەکان.

هەروەها ​پڕۆژەی بۆری نەوت و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و کاراکردنەوەی بۆڕی کەرکوک-بانیاس بە توانای هەناردەکردنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

​لەگەڵ داواکاری بۆ لێخۆشبوونی یان سوڵحکردنی قەرزی 8 ملیار دۆلاری عێراق لە دەزگای پارەی نێودەوڵەتی.

​هاوکات بەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە هەناردەکردنی نەوت، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر عێراق کەوتووە کە بە نزیکەی 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

​دواین داواکاریش هاوکاری سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و ئاسانکاری پێدانی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.

​لە بەرامبەر داواکارییەکانی بەغدادا، واشنتۆن مەرجی توندی پێشکەش کردووە. برزو حەبیب مەرجەکانی ئەمریکای بەم شێوەیە پۆلێن کرد:

پێویستی کۆتاییهێنان بە چەکداری گروپە نزیکەکانی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بە دیاریکردنی وادەی کۆتایی تا ٣٠-٠٩-٢٠٢٦.

پێویستی ڕاگرتن و کەمکردنەوەی نەفووزی تاران لە عێراقدا.

​بەردەوامبوونی حکومەت لەسەر "ئۆپراسیۆنی بەیان" بۆ پاککردنەوەی دامەزراوە حکومییەکان لە گەندەڵی.

​ڕێگەخۆشکردنی تەواو بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە ژێرخانی عێراقدا.

​گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکاران و سەربازانی ئەمریکا.

​یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی نێوان زەیدی و ترەمپ بوو، پرسی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس بووە. برزو حەبیب لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی دا و وتی:

​"ئەم پڕۆژەیە وەک جێگرەوەیەکی وشکانی گرنگ دەبینرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەنگەکەی هۆرمۆز کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە. ئەمەش ڕەهەندێکی سیاسی و ستراتیژی گەورەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا."

​ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی کۆمپانیاکانی وەک Chevron و TI Capital و کۆمپانیای UCCی قەتەری و بە ڕێبەری تۆم بەراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا بەڕێوەدەچێت. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسان نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەرفراوان هەیە کە ٢ بۆ ٣ ساڵ دەخایەنێت.

​سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەم لوتکەیەدا، برزو حەبیب نیگەرانی خۆی نەشاردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی هەرێم لەم گفتوگۆیانەدا لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبووە:

​چونکە کاتێک لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکاندا پرسیار لە عەلی زەیدی کرا لەسەر هەرێمی کوردستان، وتی: "هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و جیا ناکرێتەوە، وەک چۆن ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە یەکتر جیا ناکرێنەوە." بەڵام حەبیب دەڵێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێم و کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جدی لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراون.

​سەبارەت بە کەرکوکیش تەنیا لە چوارچێوەی دەستپێکی پڕۆژەی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاسدا ناوی هاتووە، نەک وەک کێشەیەکی سیاسی یان ئیداری. بەغدا بەرهەمی نەوتی کەرکوک تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ستراتیژی بۆ گشت عێراق دەبینێت.

​برزو حەبیب لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند، هەرچەندە ڕێککەوتنی بۆری نەوتەکە هەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمریکا تایبەت بە چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەمەش دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنە ئابوورییەکەدا.