پەیامنێری جام کوردی بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەندەکانی ئەم دیدارە چارەنووسسازە، گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، برزو حەبیب ئەنجامداوە.
برزو حەبیب لە دەستپێکی شرۆڤەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەژێر پەستانە توندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بێت، دەیەوێت هاوبەشییەکی ستراتیژیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکات. حەبیب وتی:
"ئەم کۆبوونەوەیە وەرچەرخانێکی گرنگە. عێراق بەدوای کشاندنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لە چوارچێوەی سەربازییەوە بۆ کایەی ئابووری و وەبەرهێنان، بەڵام واشنتۆن هێشتا پابەندبوونی خۆی بە مەرجە سەربازی و سیاسییەکانەوە گرێداوە."
بەپێی شرۆڤەکەی برزو حەبیب، شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی زەیدی کۆمەڵێک داواکاری گرنگیان خستووەتە ڕوو کە بریتین لە:
هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا بۆ بواری وزە، کارەبا، ژێرخان و تەکنەلۆجیا، بەتایبەت لە کێڵگە نەوتییەکان.
هەروەها پڕۆژەی بۆری نەوت و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و کاراکردنەوەی بۆڕی کەرکوک-بانیاس بە توانای هەناردەکردنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
لەگەڵ داواکاری بۆ لێخۆشبوونی یان سوڵحکردنی قەرزی 8 ملیار دۆلاری عێراق لە دەزگای پارەی نێودەوڵەتی.
هاوکات بەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە هەناردەکردنی نەوت، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر عێراق کەوتووە کە بە نزیکەی 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دواین داواکاریش هاوکاری سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و ئاسانکاری پێدانی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.
لە بەرامبەر داواکارییەکانی بەغدادا، واشنتۆن مەرجی توندی پێشکەش کردووە. برزو حەبیب مەرجەکانی ئەمریکای بەم شێوەیە پۆلێن کرد:
پێویستی کۆتاییهێنان بە چەکداری گروپە نزیکەکانی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بە دیاریکردنی وادەی کۆتایی تا ٣٠-٠٩-٢٠٢٦.
پێویستی ڕاگرتن و کەمکردنەوەی نەفووزی تاران لە عێراقدا.
بەردەوامبوونی حکومەت لەسەر "ئۆپراسیۆنی بەیان" بۆ پاککردنەوەی دامەزراوە حکومییەکان لە گەندەڵی.
ڕێگەخۆشکردنی تەواو بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە ژێرخانی عێراقدا.
گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکاران و سەربازانی ئەمریکا.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی نێوان زەیدی و ترەمپ بوو، پرسی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس بووە. برزو حەبیب لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی دا و وتی:
"ئەم پڕۆژەیە وەک جێگرەوەیەکی وشکانی گرنگ دەبینرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەنگەکەی هۆرمۆز کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە. ئەمەش ڕەهەندێکی سیاسی و ستراتیژی گەورەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا."
ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی کۆمپانیاکانی وەک Chevron و TI Capital و کۆمپانیای UCCی قەتەری و بە ڕێبەری تۆم بەراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا بەڕێوەدەچێت. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسان نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەرفراوان هەیە کە ٢ بۆ ٣ ساڵ دەخایەنێت.
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەم لوتکەیەدا، برزو حەبیب نیگەرانی خۆی نەشاردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی هەرێم لەم گفتوگۆیانەدا لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبووە:
چونکە کاتێک لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکاندا پرسیار لە عەلی زەیدی کرا لەسەر هەرێمی کوردستان، وتی: "هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و جیا ناکرێتەوە، وەک چۆن ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە یەکتر جیا ناکرێنەوە." بەڵام حەبیب دەڵێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێم و کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جدی لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراون.
سەبارەت بە کەرکوکیش تەنیا لە چوارچێوەی دەستپێکی پڕۆژەی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاسدا ناوی هاتووە، نەک وەک کێشەیەکی سیاسی یان ئیداری. بەغدا بەرهەمی نەوتی کەرکوک تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ستراتیژی بۆ گشت عێراق دەبینێت.
برزو حەبیب لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند، هەرچەندە ڕێککەوتنی بۆری نەوتەکە هەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمریکا تایبەت بە چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەمەش دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنە ئابوورییەکەدا.