کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەکانی ئاسایشی و تووندبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی داخراون. بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیا، ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و دامەزراوەکان گیراوەتەبەر، تا دۆخی ئاسایشی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی. داخستنی کێڵگەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی کارەبا و غاز لە هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە کێڵگەی کۆرمۆر زیاتر لە 75%ی سووتەمەنی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دابین دەکات، هەروەها پێشبینی دەکرێت کێشە بۆ دابینکردنی غازی ماڵانیش دروست ببێت تا کاتێک کار لە دامەزراوەکان دووبارە دەست پێبکات.