لەگەڵ راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، نرخی گازی ماڵان (LPG) لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، کە تا 15ی تەممووز لیتری گازی شل بە 400 دینار دەفرۆشرا، ئێستا نرخەکە گەیشتووەتە 600 دینار بۆ هەر لیتر. جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ڕایگەیاند گاز لە هەموو بەنزینخانەکان بەردەستە، بەڵام بە نرخە نوێیەکە دەفرۆشرێت. بەم گۆڕانکارییە، پڕکردنەوەی بوتڵێکی گازی ماڵان کە نزیکەی 22 لیتر دەگرێت، لە نزیکەی 9 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 14 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. ئەم گرانبوونە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای دانە گاز ڕایگەیاند بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی گازی شل و سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان.