ئەو پێیوایە کە گۆڕینی ئاراستەی گرنگیپێدانی هاووڵاتیان لە کێشە بنەڕەتییەکانەوە بۆ بابەتە لاوەکییەکان، هۆکاری سەرەکیی چەقبەستوویی دۆخی ئێستایە.
نووسەر تاهیر غوڵامی لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرجار گوێبیستی ئەو دەستەواژەیە دەبین کە دەڵێت "دوژمنەکانمان ناهێڵن ببین بە هیچ"، بەڵام ئەو پرسیارە دەوروژێنێت و دەڵێت:
"کەی خەتای دوژمنە؟ حەفتەیەکە لە کوردستان مێشکیان بردووین و ڕای گشتییان سەرقاڵ کردووە بە شەڕی نێوان (جلی کوردی) و (دیزداشە)، لە کاتێکدا لە لایەکی ترەوە خەڵکی بە جلی ئەرجەنتین و پورتوگالەوە سوکایەتی بە یەکتری دەکەن!"
غوڵامی بە سەرسوڕمانەوە باسی لە پێشەنگیی میدیاکان و کاردانەوەی خەڵک کرد و وتی: "لە کاتێکدا هەواڵی گرانیی بەنزین و غاز و دواکەوتنی مووچە بووە بە هەواڵی بەپەلە، کەچی لە کۆمێنتەکاندا خەڵکی دەنووسن فڵان کەناڵ یەکەمە و فڵان پەیج پێشەنگە!"
سەبارەت بەو دۆفۆرمییە فیکرییەی لەناو بەشێک لە پەیجە فەیکەکاندا هەیە، نووسەر تاهیر غوڵامی بە جام کوردی ڕاگەیاند:
"لە پەیج و سایتە فەیکەکانەوە هەڵا و هاوار دەکرێت و دەڵێن 'نا بۆ هاتنی عەرەب بۆ کوردستان'، کەچی لە لایەکی ترەوە چاوەڕێی دەستی عامری، زێد، حەلبوسی و کازمی دەکەین تا مووچە بنێرن بۆ دایک و باوکی (سەفین و هەورامان و ئەردەڵان). ئەمە چ دووڕووییەکی فیکرییە؟"
نووسەر بە خەمخۆرییەوە باسی لە کێشەی خزمەتگوزارییەکان کرد و وتی:
"لە نێوان کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی و مۆلیدە ئەهلییەکاندا، منداڵ لە گەرمادا هاوار دەکات و نەخۆش بە دەست باوەشێنەوە دەناڵێنێت، کەچی کێشەی گەورەی گەنجی ئێمە ئەوەیە کە مێسی باشترە یان ڕۆناڵدۆ!"
ئەو وتیشی: "کاتێک ٥٥ ڕۆژ مووچە نادرێت، کێشەی سەرەکیی گەنجەکانمان ئەوەیە چۆن بگەنە کۆنسێرت و سێڵفی لەگەڵ گۆرانیبێژێکدا بگرن. ئەمە شەرمەزارییە کە ئەو هەموو نادادییە لەم هەرێمەدا هەبێت و گوێی پێ نەدرێت، بەڵام خەمی ئەوەت بێت غەدر لە فڵان هەڵبژاردەی جیهانی کراوە."
تاهیر غوڵامی لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، گریانمان بۆ نەبوونی و گیرفانی خاڵیی خەڵکی کوردستان نایەت، لە کاتێکدا ناوچەکە زیاتر بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات، کەچی خەڵک بۆ دۆڕانی هەڵبژاردەیەکی بیانی دەگرییەن.
ئەو بە حەسرەتەوە وتی:
"ئای بێکەس و قانعی شاعیر لەکوێتان بێنم تا لاوی کوردی ئێستا ببینن؟ ئەوەندە ئاڵای ئەرجەنتین، پورتوگال، فەرەنسا، ئینگلتەرا و بەڕازیلمان بینی، خەریکە شێوازی ئاڵای کوردستانمان بیردەچێتەوە!"
نووسەر پێشبینی ئەوەش دەکات کە دوای ئەم قسانە، پەیج و کۆمێنتەکان پڕ ببن لەو کەسانەی خۆیان دەکەنە "سوارچاکی کورد" و وەک سمبولەکانی شکاک و قازی نەمر خۆیان پێشان بدەن.
ئێستا من وەڵامی ئەو پرسیارەم لە ئێوە دەوێ: ئایا دوژمنەکانمانە ناێڵن ئێمە ببین بە شت ؟ یان خۆمان ؟