ئەگەرچی لایەنی ئەمریکی بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە کونسڵخانەکە چالاکییەکانی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لەم کاتە هەستیارەدا کێشەکە بە قووڵتر دەبینن. بەپێی زانیارییەکان، ئەم خاوەخاوە لە کردنەوەی کونسڵخانەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو گومان و ترسەی کە واشنتۆن نییەتی هەبێت پێگە دیپلۆماسی و سیاسییەکەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ سستبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەولێر، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی خۆیان لە بەغدا بەهێزتر دەکەن. بەتایبەتی دوای سەردانە فەرمییەکەی "زەیدی" بۆ واشنتۆن، چاوەڕوان دەکرێت کارگێڕی ئەمریکا گرنگییەکی زیاتر و ستراتیژیتر بە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بدات.
ئەم وەرچەرخانە سیاسییە لە کاتێکدایە کە بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و نەبوونی دەسەڵاتێکی ڕەسەن و یاسایی لە قالبی حکومەتێکی کاربەڕێکەردا، پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو بچووکبوونەوە و لاوازی بچێت، ئەمەش بەتەواوی بەرپرسانی باڵای هەرێمی نیگەران کردووە.