جەلال محەمەد لە دەستپێکی گفتوگۆکەیدا ئاماژەی بە قۆناغی هەستیاری ئێستای هەرێم کرد و وتی:
"وەزعەکە بۆ کورد بەشی موزایەدەی پێوە نەماوە؛ ئێستا کاتی ئەوەیە کورد خەنجەرە سیاسییەکەی خۆی بەکاربهێنێت. ئەو خەنجەرەش گەر مابێت و بانگەشەکانی ڕابردوو دروست بن، لە شەخسی مەسعود بارزانیدا کورت دەبێتەوە. من پارتی نیم، بەڵام پێموایە ئەم ئاگرە تەنها بە مەسعود بارزانی دەکوژێتەوە."
ئەم شیکەرەوە سیاسییە هۆکاری ئەم بۆچوونەی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو شەڕەی ئەمریکا بە ئێرانی فرۆشتووە، ئاگرەکەی خەریکە هەمووان دەسوتێنێت، بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش بڕیار نییە بەشمان تەنها درۆنی وێڵی حەشد و موشەکی نوقتەزەنی ئێران بێت، بەڵکو مەترسییەکە زۆر لەوە گەورەترە.
جەلال محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ جام کوردی، پەردەی لەسەر ستراتیژیەتی واشنتۆن لادا و وتی: "واشنتۆن ماوەی ٢٣ ساڵە پارە لە پێشمەرگە، زێرەڤانی و دژەتیرۆردا سەرف دەکات. لەلایەکی تریشەوە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت پژاکی بەخێو کردووە و پڕچەکی کردوون و لە هەولێر، سلێمانی و سنوورەکان حازری کردوون بۆ ئەوەی دژی ئێران شەڕیان پێ بکات."
ئەو وتیشی: "ئەمریکا لە شەڕی چل ڕۆژەدا بەرامبەر ئێران هێندە شکستی هێناوە، ناچارە بۆ داپۆشینی شکستەکانی دەست بۆ هەموو بژاردەکان ببات، بە تایبەت بژاردەی هەڵگیرسانی جەنگی کورد لەگەڵ تاران. تەنانەت میدیا ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانیش نەیانشاردووەتەوە کە لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێراندا، هەواڵگریی ئەوان لە ناوچە کوردییەکانەوە دزەیان دەکردە ناو خاکی ئێران."
سەبارەت بە پێگەی جوگرافیی ململانێکان، جەلال محەمەد ئاشکرای کرد کە تاران خۆیشی ناشارێتەوە کە سێ ناوچە (هەرێمی کوردستان، باشووری ئێران و سنوورەکانی پاکستان) خاڵی لاوازی ئەون کە پیلان هەیە ئاشووبی ناوخۆییان پێدا ببرێتە ناو ئێرانەوە. ڕوونیشی کردەوە: "ئێران پێشوەختە ڕێگری لەو پیلانە دەکات و فشارێکی زۆری بۆ وەدەرنانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستکردووە؛ بۆردومانی کوردستان و وڵاتانی عەرەبیش بەو ئامانجەیە."
ئەو جەختی کردەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریێتی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی زۆر قورسە، چونکە فشارەکانی تاران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە تایبەت لەسەر پارتی و شەخسی ئەون و هەر سێ لایەنەکەش داخوازی جیاوازیان هەیە.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ جام کوردی، جەلال محەمەد ئاماژەی بە بیرەوەرییەکانی مەسعود بارزانی کرد و وتی:
"سەرۆکی پارتی لە گێڕانەوەکانیدا نەیشاردووەتەوە کە ئەمریکا ئەو ڕوکنە سیاسییە نییە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت. ئەو باشتر لە هەر سیاسییەک دەزانێت کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، ئەوە ئێرانە سەلماندوویەتی لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و زۆر هاوبەشی دیکەوە بە کەڵکی کورد و هەرێمی کوردستان دێت."
ئەو وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە وتی: "کورد لەم نێوەندەدا دەبێت لایەکیان هەڵبژێرێت و هیچ کامیشیان بێ مەترسی نین، بەڵام باجی کامیان سووکترە؟ بڕوام وایە دەبێت پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی زۆر عاقڵانە، لانی کەم گەرەنتییەکی ڕاستگۆیانە بدەنە ئێران و کۆنترۆڵی زیاتری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکەن، وەک هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی نەچنە ژێر بار و فشاری فەرمانەکانی ئەمریکاوە."