تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بازگەی چیمەنی سەر ڕێگەی کەرکوک–سلێمانی، دەستیان بەسەر بڕی 10 ملیار دیناردا گرت، دوای ئەوەی گومان لە ئاراستەی گواستنەوەی پارەکە هەڵسا.بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پارەکە لە بەغدا بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە شوێنێکدا ئاراستەی گواستنەوەکە بۆ سلێمانی گۆڕدرا، ئەمەش بووە هۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان. لە پەیوەندی بە ڕووداوەکەدا چوار کەس دەستگیرکراون و پارەکەش ئێستا لای پۆلیس پارێزراوە. لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستی پێکردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئایا گۆڕینی ئاراستەکە هەڵەتێگەیشتن بووە یان بە مەبەست ئەنجامدراوە. هەروەها بەپێی لێدوانی پۆلیسی کەرکووک، دەستگیرکراوان دوو فەرمانی جیاوازیان لەگەڵ بووە و تا بڕیاری دادگا دەردەچێت، پارەکە لە ژێر دەستی دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداردا دەمێنێتەوە.