بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موزەفەر غوڵامی، بە ئاماژەدان بە زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ و لافاوەکەی ساڵی ٢٠١٩ بە ژێرخانی تاڤگەی پیران، ڕایگەیاند: تا ئێستا شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام تەواوکردنی ڕێگای چوونە ژوورەوە، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ڕووناکی، هێشتا پێویستی بە تەرخانکردنی پارە هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی لەسەدا ٧٠ی ڕێگای چوونە ژوورەوە بۆ تاڤگەکە نۆژەن کراوەتەوە و زیادیشی کرد: لانیکەم پێنج بۆ شەش ملیار تمەن پارە پێویستە بۆ تەواوکردنی ئەو بەشەی کە ماوە و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەکانەوە دروست دەبن.
بەرپرسی ئیدارەی میراتی فەرهەنگی سەرپول زەهاب هەروەها ئاماژەی بە بارانبارینی گونجاوی ئەمساڵ کرد و وتی: تاڤگەی پیران لە ڕووی قەبارەی ئاوەوە لە بارودۆخێکی بێوێنەدایە، هاوکات لەگەڵ شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی وەک گوندی ژاڵگە، تاق گەرا، زیج مەنیژە، و باخەکانی ڕێژاو، دەتوانێت شوێنێکی سەرنجڕاکێش بێت بۆ گەشتیاران.