لە کاتێکدا ئەمریکا لە چوارچێوەی پشتیوانیی هەمەلایەنەی ڕژێمی زایۆنیستیدا سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە، لە هەمان کاتدا باس لە پلانەکانی دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی گواستنەوەی وزە دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز. ئەم هاوکاتییە لەبری ئەوەی نیشانەی دەستپێشخەرییەکی ئابووری بێت، ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی و چەسپاندنی کاریگەرییەکانی لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
لەو چوارچێوەیەدا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق، پلانێکی ڕاگەیاندووە کە بە پێی ئیدیعای خۆی، بە بەشداریی وڵاتانی سووریا، ئوردن، تورکیا، لوبنان و میسر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت؛ ئامانجی پلانەکە گۆڕینی گەرووی هورمز بۆ "ڕێگایەکی لاوەکی" بۆ بازرگانی وزەی جیهانی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا. هەروەها باسی لە پەرەپێدانی "رێڕەوی ناوەڕاست" کرد کە بە تورکیا و ئازەربایجان و تورکمانستاندا تێدەپەڕێت و ئاسیای ناوەڕاست بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، وەزیری نەوتی وڵاتەکەی ڕایگەیاند کە بیر لە دروستکردنی بۆرییەک دەکاتەوە کە نەوتی بەسرە لە ڕێگەی کەرکوکەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و بەندەری بانیاسی سوریا. هەرچەندە واشنتۆن ئەم پڕۆژانە بە زمانێکی ئابووری و گەشەپێدان دەخاتە ڕوو، بەڵام کۆمەڵێک بەڵگە دەریدەخەن کە ئەم پلانانە ئامانجیان لە دەرەوەی پەرەپێدانی ژێرخانی وزە هەیە.
بوونی سەربازی لە ژێر پەردەی ئاسایشی وزە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جددی بووەتەوە لە بەرامبەر ڕێگری و توانای بەرگریی ڕەسەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی خۆی بووەتەوە لە عێراق، هێشتا بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ درێژەدان بە ئامادەبوونی خۆی لە ناوچەکەدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات واشنتۆنی خستۆتە دووڕیانێکی ستراتیژییەوە؛ لە لایەکەوە مانەوە لە ناوچەکەدا تێچووی سیاسی و کۆمەڵایەتی قورس بۆ حکومەتی ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە لایەکی دیکەوە ڕۆیشتن بە مانای لەدەستدانی دوا چەقۆی کاریگەری ستراتیژی دەبێت.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا زیندووکردنەوەی پڕۆژە کۆنەکانی گواستنەوەی وزە لە عێراقەوە بۆ سوریا و دیزاینکردنی ڕێڕەوی نوێی وزە، لەبری ئەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی وزە دابین بکات، دەتوانێت ڕێگا خۆش بکات بۆ بەردەوامبوونی ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا بە ڕووپۆشی ئابووری؛ ئامادەبوونێک کە تێچووەکانیشی لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت. هەروەها ئەوەی کە ئەم پڕۆژانە لە هەمان کاتدا لەگەڵ کاراکردنەوەی هەندێک شوێنی گەرمی نائەمنی و جموجۆڵی تاقمە تیرۆریستییەکان لە سوریادا پلانیان بۆ دادەنرێت، ئەو گومانەش بەهێزتر دەکات کە ئاسایشی ئەو پڕۆژانەی گومانلێکراو دەبنە بیانوویەک بۆ بەردەوامیی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا.
ئابووری وابەستەیی؛ بەرهەمهێنانەوەی هەژموون لە ڕێگەی وزەوە
پەرەسەندنی کێبڕکێی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزە ئابوورییە تازەپێگەیشتوەکان بەتایبەت چین و دابەزینی متمانەی جیهانی بە سیاسەتەکانی واشنتۆن وایکردووە وڵاتەکە ئامرازی نوێ بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی کاریگەری. لەم ڕوانگەیەوە ناتوانرێت پڕۆژە پێشنیار کراوەکانی وزە تەنیا وەک پلانێک بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی ئەوروپا یان ناوچەکە سەیر بکرێت؛ بەڵکو بەشێکن لە ستراتیژێک بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە کۆمپانیا و تەکنەلۆژیا و سەرمایە ئەمریکییەکان ببەستن.
ئەم وابەستەییە ئابوورییە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی کە پێشتر بە کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە عێراق بە بەشێک لە سەروەت و سامانەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی پەیڕەو دەکران. لە مۆدێلێکی وادا ئابووری دەبێتە سەکۆیەک بۆ کاریگەری سیاسی و ئەمنی، بەرە بەرە سەربەخۆیی ستراتیژیی وڵاتانی ناوچەکە لاواز دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا بە پێشکەشکردنی پاکێجی ئابووری و وەبەرهێنان، هەوڵدەدات مۆدێلی نوێی لێکنزیکبوونەوە دابڕێژێت کە لەلایەن واشنتۆنەوە ناوەند و بەڕێوەدەبرێت. بوونی هاوکاتی وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق، سوریا، ئوردن، لوبنان و میسر لەم پلانانەدا، نەک ڕەنگدانەوەی لێکنزیکبوونەوەی سروشتی ناوچەیی، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کە ڕێگری لە پێکهێنانی میکانیزمی سەربەخۆ و ڕەسەنی هاوکاری لە ناوچەکەدا دەکات.
ڕێڕەوی وزە؛ بەستەرێکی تەواوکەر بۆ پڕۆژەی ئاساییکردنەوە
لە ڕووکەشدا ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم پڕۆژانە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی وزەیە، بەڵام پێکەوەگرتنی جوگرافیای ئەو ڕێگایانە و هاوکات بوونیان لەگەڵ پلانی پەیوەندی شەمەندەفەر لە وڵاتانی عەرەبیەوە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نیشان دەدات کە ئەم پڕۆژانە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیی فراوانتریان هەیە.
واشنتۆن باش دەزانێت کە پڕۆژەی ئاسایی کردنەوەی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی دەبێتەوە؛ بۆیە هەوڵدەدات تۆڕێکی وابەستەیی یەکتر لە ڕێگەی ئابووری و بازرگانی و ژێرخانی گواستنەوە دروست بکات کە لە کۆتاییدا وڵاتانی ناوچەکە بە خاکە داگیرکراوەکانەوە ببەستێتەوە.
لە مۆدێلێکی وادا، بەستنەوەی هێڵی وزە، بەندەر، هێڵی ئاسن و ڕێڕەوی بازرگانی دەبێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی جۆرێک لە پێکەوەژیانی زۆرەملێ لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی؛ پرۆسەیەک کە ئامانجە درێژخایەنەکانی پڕۆژەی بەناو "نیل تا فورات" بە ئامرازە ئابوورییەکان بەدوادا دەچێت. واقیعی جیۆپۆلەتیکی؛ گەرووی هورمز تا ئێستاش جێگرەوەی نییە
سەرەڕای بانگەشەیەکی بەرفراوان لە دەوری ئەم پلانانە، بەڵام واقیعە جیۆپۆلەتیکیەکانی ناوچەکە ئەوە دەردەخەن کە پێگەی گەرووی هورمز جێگرەوەی نییە. بەهۆی شوێنی سروشتی و توانای گواستنەوەی وزە و ژێرخانی هەبوو و ئاسایشی بەردەوام، ئەم ڕێڕەوی ستراتیژییە وەک گرنگترین خوێنهێنەری بازرگانی وزەی جیهان دەمێنێتەوە و هیچ ڕێگایەکی بەدیل ناتوانێت لە کورتخایەن یان تەنانەت مامناوەنددا ڕکابەری لەگەڵ بکات.
جگە لەوەش بەشێکی بەرچاو لەو ڕێگایانەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردووە بەو ناوچانەدا تێدەپەڕێت کە تا ئێستاش لەگەڵ ناسەقامگیرییە ئەمنییەکان و قەیرانە ناوخۆییەکان و دابەشبوونە سیاسییەکاندا خەبات دەکەن. سوریا نموونەیەکی ڕوونی وەها دۆخێکە؛ وڵاتێک کە هێشتا لە دەرئەنجامەکانی شەڕ و پارچەپارچەکردنی پراکتیکی بەشێک لە خاکەکەی و نائەمنی درێژخایەن ڕزگاری نەبووە. ئاشکرایە کە وەبەرهێنان لەم جۆرە ڕێگایانەدا، نەک هەڵبژاردەیەکی ئابوری سەلامەت بێت، قبوڵکردنی مەترسییە قورسە سیاسی و ئەمنییەکانە.
لە بەرامبەردا ئاسایشی بەردەوامی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە توانا ڕەسەنەکان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پارێزراو بووە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتنی ئەم ڕێگایە ستراتیجییە یان جێگرتنەوەی بە ڕێڕەوی داڕێژراو لەسەر بنەمای دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنی نەک تەنیا پشتیوانیی کردەیی نییە، بەڵکو دەتوانێ مەترسیی گەورە لەسەر ئاسایشی وزە و سەقامگیریی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە دروست بکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو وڵاتانەی کە لەم پڕۆژانەدا لەسەر خاکی ئەمریکا و زایۆنیستی لەدژی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئێران ڕۆڵ دەگێڕن، بە ناچاری دەبێ تێچووی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە قبوڵ بکەن.