جام کوردی - عێراق وڵاتێکە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت؛ لە خواردەمەنی و دەرمانەوە بگرە تا کەلوپەلی نێوماڵ و تەنانەت کەرەستەی خاوی پێویست بۆ کارگە ناوخۆییەکانیش. تاکە هەناردەی سەرەکیی ئەم وڵاتە نەوتی خاوە، بەڵام هەبوونی یەدەگێکی زەبەلاح لەم سامانە سروشتییە وای کردووە کە داهاتی فرۆشتنی دەرەکیی نەوت، تێچووی هاوردەکردن قەرەبوو بکاتەوە و هاوسەنگییەکی بازرگانیی ئەرێنی بۆ وڵاتەکە فەراهەم بکات.
سەرەڕای ئەوەش، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات و کۆتاییهاتنی هاتوچۆی ئازادانەی بازرگانی بە گەرووی هۆرموزدا ــ ئەو ڕێڕەوەی کە بەشێکی سەرەکیی بازرگانیی عێراق لەگەڵ جیهاندا پێیدا تێپەڕ دەبوو ــ هاوکێشەکان بەتەواوی گۆڕاون. ئێستا عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وڵاتەکەی وەک ڕووبەڕووبووی «تەنگژە و ئاستەنگی ئابووریی لەڕادەبەدەر» پێناسە دەکات.
ئەلزەیدی لەم دواییانەدا ڕایگەیاند عێراق لە دەرئەنجامی ئەم شەڕەدا نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی لەدەست داوە؛ ئەم زیانە لەبەر ئەوەیە کە عێراق بۆ ماوەیەک نەیتوانیوە نزیکەی ٩٠٪ی نەوتەکەی لە ڕێڕەوە ئاساییەکانی کەنداوەوە هەناردە بکات. ئەو ڕێڕەوانەی کە ئێستا بوونەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران، و تاران هاتوچۆی ئازاد لە گەرووی هۆرموزی گرێ داوە بە کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
ئەمە لێدانێکی کەمەرشکێنە لە عێراق: داهاتی نەوت زیاتر لە ٩٠٪ی بودجەی فیدراڵیی ئەم وڵاتە پێک دەهێنێت.
تێکچوونی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زنجیرەی دابینکردنیش داناوە؛ جیا لە کەمبوونەوەی هاوردەکردن، ماوە و تێچووی گواستنەوەی بۆ بازرگانان و بەکاربەرانی عێراقی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. عەلائەدین سلیبی، خاوەنی زنجیرە فرۆشگایەک لە بەغدا، دەڵێت ئێستا نزیکەی ٧٠٪ی ئەو کاڵایانەی لە فرۆشگاکەیدا دەفرۆشرێن هاوردەکراون؛ لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە پێش دەستپێکردنی جەنگ ٩٠٪ بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: «ناچارین بەرهەمی ناوخۆیی بفرۆشین، تەنانەت ئەگەر کوالیتییەکەی لە ئاستی کاڵای هاوردەکراودا نەبێت.»
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە نرخی کەلوپەلی هاوردەکراو لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠٪ بەرز بووەتەوە و گوتیشی: «هۆکارەکان تەنیا لە ئاڵۆزییەکانی کەنداو کورت نابنەوە، بەڵکوو ماوەی زۆرتری گەیشتنی کاڵاکان لە چینەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و گواستنەوە بەتایبەت لە بازرگانی لەگەڵ تورکیا، ڕۆڵیان لەم گرانبوونەدا هەیە.»
چەندین بازرگان لە لێدوانیاندا بۆ «ئەلجەزیرە» باسیان لەوە کردووە کە کاڵا هاوردەکراوەکانی چین بە دواکەوتنێکی زۆرەوە دەگەن، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتنیان سێ مانگی پێ دەچێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاوردەکاران ناچار بوون بۆ تێپەڕین لە دەوری گەرووی هۆرموز ڕێگەی دوورودرێژ بگرنە بەر، یان بارەکانیان لەم گەرووەدا پەککەوتوون.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی
ئەم تەنگژەیە گوشاری زۆری خستووەتە سەر بەهای دینار و بووەتە هۆی دابەزینی بەهاکەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، ئەمەش دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە.
هەفتەی ڕابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا گەیشتە نزیکەی ١٦٠٠ دیناری عێراقی، بەڵام لەم هەفتەیەدا کەمێک دابەزی و گەیشتە نزیکەی ١٥٧٥ دینار؛ ئەمە لە کاتێکدایە پێش جەنگەکە هەر دۆلارێک بە نزیکەی ١٥٤۰ دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.
فراوانبوونی مەودای نێوان نرخی فەرمیی دۆلار ــ کە نزیکەی ١٣٠٠ دینارە ــ لەگەڵ نرخی بازاڕی ئازاد، ناڕوونی و دڵەڕاوکێی بۆ بازرگانان دروست کردووە و باری دارایی لەسەر شانی بەکاربەران قورستر کردووە. لەبەر ئەوەی دۆلاری فەرمی بە دەگمەن دەگاتە دەست هاووڵاتیی ئاسایی، ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک بازرگان دۆلاری هەرزانی فەرمی وەربگرن و هەندێکی تریش ناچار بن بە نرخی گران لە بازاڕی ئازاد بیکڕن.
هاوکات، حکوومەتی عێراق لەگەڵ نیگەرانیی بەردەوام لە دەستڕاگەیشتن بەو دۆلارانە بەرەوڕووە کە لە ڕێگەی میکانیزمەکانی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستی دەهێنێت. دوای ساڵی ٢٠٠٣، داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە ئەژمارێکی تایبەت لە ئەمریکا و پاشان پارەکە دەنێردرێتەوە بەغدا؛ ئەم پرۆسەیە ساڵانە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ دەکرێتەوە بە پاساوی پاراستنی دارایی عێراق، بەڵام ئەم ڕێکارە دەسەڵاتی چاودێریی بەرفراوانیشی بە واشنتن داوە.
لە مانگی نیساندا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناردنی کاشی دۆلاری لەو ئەژمارەوە بۆ عێراق ڕاگرت و تەنیا ڕێگەی بە حەواڵەی ئەلیکترۆنی دا. هەرچەندە لە مانگی تەمووزدا بەشێک لە ناردنی کاش دەستی پێکردەوە، بەڵام واشنتن چەند بانکێکی عێراقیی تۆمەتبار کرد بە تێوەگلان لە بەقاچاخبردنی دۆلار.
ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بانکی ناوەندیی عێراق لە دابینکردنی دۆلاری پێویست بۆ بانکە بازرگانییەکان، بەتایبەت بۆ هاوردەکردن، تووشی ئاستەنگ بووە. لە بەرامبەردا بانکی ناوەندی بوونی هەر کورتهێنانێکی ڕەت کردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە «یەدەگی پێویستی دراوی بیانی بۆ دابینکردنی هەموو داخوازییەکان، بە بازرگانیی دەرەکیشەوە، لەبەردەستدایە» و گرانیی دۆلاریشی بۆ «دەستکەوتی نایاسایی، چاوەڕوانییەکان و قۆستنەوەی بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیریی دارایی» گەڕاندەوە.
کەلێنی قووڵ» لە ئابووریی عێراقدا
سەرەڕای ئەمەش، بەردەوامیی جەنگ و دابەزینی داهاتی نەوت گوشارە داراییەکانی سەر بەغدای چڕتر کردووەتەوە. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی لە نزیکەی ١٠٦ ملیار دۆلارەوە پێش جەنگ، بۆ نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا دابەزیوە.
شارەزایانی ئابووری دەڵێن ئەم قەیرانە لاوازییە پێکهاتەییە دێرینەکانی ئابووریی عێراقی دەرخستووە، بەتایبەت وابەستەیی تەواو بە نەوت و هاوردەی دەرەکی.
زیاد هاشمی، توێژەری دکتۆرا لە ئابووریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی «ئەنگلیا ڕاسکین»، لە لێدوانێکدا بۆ «ئەلجەزیرە» ڕایگەیاند: «ئەم تەنگژەیە ناهاوسەنگییە قووڵەکانی ئابووریی عێراقی ڕووت کردەوە، کە دیارترینیان نەبوونی پارێزبەندیی پێویستە بۆ کاتی تەنگانە و ناجێگیرییەکان.»
ئەو زیادی کرد: «قەیرانەکە دەریخست کە حکوومەتی عێراق بێبەشە لە چارەسەری ڕاستەقینە یان هەنگاوی کاریگەر بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی. لە کورتخایەندا دەستەوەستانە و تەنیا دەتوانێت پەنا بۆ چارەسەری کاتیی وەک قەرزکردن بەرێت کە ئەوەش لە بنەڕەتدا چارەسەر نییە.»
هاشمی جەختی کردەوە کە «چارەسەرە بنەڕەتییەکان پێویستیان بە کاتی زۆر هەیە، وەک هەمەچەشنکردنی بازاڕەکانی هەناردەکردنی نەوت، بەڕێوەبردنی سیستەماتیکی خەرجییە گشتییەکان بۆ پێشگرتن لە بەفیڕۆدان، و بەردەوامیدان بە خەبات دژ بە گەندەڵی.»