بەگوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەهیمە ڕۆشەن بە ئاماژە بە ئاستی گەشتیاریی ئەو پارێزگایە ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو کرماشان بە ڕاکێشانی 218 هەزار گەشتیاری بیانی بە ڕێژەی 39 لەسەد زیاتر لە پشکی دیاریکراوی خۆی بەدەست هێنا، بەمەش لە ڕووی ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی لە ڕیزی 12 پارێزگا سەرەکییەکانی وڵات دانرا.

ناوبراو زیادی کرد: ئامانجی ئەمساڵ بۆ کرماشان ڕاکێشانی 234 هەزار گەشتیاری بیانییە و پلانیش دانراوە بۆ زیادکردنی سەرنجڕاکێشیی گەشتیاری بە ڕێژەی لەسەدا 60.

ڕۆشەن بە ئاماژە بەوەی کە عێراق بازاڕی سەرەکی گەشتیاری دەرەکی کرماشانە، وتی: لە ڕێبازە نوێیەکەدا، جگە لە هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف، بەغدا، دیالە و واسیت، کراونەتە ئامانج بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران.

بریکاری گەشتوگوزاری پارێزگاکە هەروەها دیزاینی سێ پاکێجی سەفەری ڕاگەیاند کە تیشکیان خستۆتە سەر گەشتوگوزاری تەندروستی و کات بەسەربردن و گەشتیاری بۆ گەشتیارانی عێراقی و ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم چەند سەد گەشتیارێکی عێراقی لە شێوەی ئەو پاکێجانەدا بچنە ناو کرماشان.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: بە بەشداریی کەرتی تایبەت و هاوکاری کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی، بەرنامە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق و ناساندنی توانا گەشتیارییەکانی کرماشان جێبەجێ دەکرێت.