بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارە گومرگییەکان دەریدەخەن کە لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 85 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 1 ملیار و 408 میلیارد دۆلار لە گومرگی کرماشانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە کراوە.
هەروەها قەبارەی کارە ئابوورییەکانی گومرگی پارێزگاکە بە ترانزێتی کاڵاکانەوە 2 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
سنوورەکانی پەرویزخان، خوسرەوی و سۆمار زۆرترین پشکیان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی پارێزگاکەدا هەیە و کەلوپەلەکانی وەک تەختە و کەلوپەلی ئاسن، کاشی و سیرامیک، سەوزە و میوە، بەردی بیناسازی، بەرهەمی شیرەمەنی، بەرهەمی پترۆکیمیایی لە گرنگترین بابەتەکانی هەناردەکردنی کرماشانن.
هەروەها سنووری پەروێزخان لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پلەی دووەمی لە ترانزێتی وڵاتدا بەدەستهێناوە و نزیکەی لەسەدا 11ی ترانزێتی وڵات لەڕێگەی ئەم سنوورەوە ئەنجامدراوە.
مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان بە ئاماژە بە زیادبوونی پشکی پارێزگاکە لە هەناردەکردنی وڵاتدا، ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بە سنووردارکردنی هەندێک سنووری دیکە، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پشکی کرماشان لە هەناردەکردن بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە سەدا 50، تەنانەت بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێستاش بگاتە سەدا 60.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: "بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە بەهێزکردنی ژێرخانی گومرگی و دابینکردنی سەرچاوە مرۆییەکان و کەرەستەی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی سنوورەکان بە درێژایی 24 کاتژمێری شەو و ڕۆژ و خێراکردنی ڕێکارەکانی بازرگانی هەیە".
پارێزگاری کرماشان هەروەها ڕێککەوتنێکی بۆ تەرخانکردنی سێ ئامێری تیشکی ئێکسی بارهەڵگر بۆ سنوورەکانی سۆمار، خوسرەوی و پەرویزخان ڕاگەیاند و وتی: بەرزکردنەوەی پێکهاتەی ئیداری گومرگی سۆمار و خوسرەویش لە ئەجیندادایە.
حەبیبی بە ئاماژەدان بە پێویستی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی بازرگانی سنووری و کۆڵبەری، جەختی لە کەمکردنەوەی کێشە ئیداری و باجەکان بۆ دانیشتوانی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە وەستانی درێژخایەنی بارهەڵگرەکان لە سنوورەکان کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە، داریوش سادقی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری گومرگی ئەو پارێزگایە، ئۆپەراسیۆنی 24 کاتژمێری گومرگی خوسرەوی ڕاگەیاند و وتی: ئەم ڕێوشوێنە بە ئامانجی زیادکردنی توانای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و خۆشگوزەرانی ئابووریی سنوورەکە گیراوەتەبەر.
سەرەڕای پێگەی بەرچاوی کرماشان لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراقدا، پەرەپێدانی بەردەوامی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان پێویستی بە تەواوکردنی ژێرخانی، لابردنی بەربەستە ستاندارد و گومرگییەکان و ئاسانکاری بۆ چالاکیی بازرگانان و دانیشتوانی سنوورەکان هەیە؛ پرسێک کە دەتوانێت جگە لە زیادکردنی هەناردەکردن، هەلی کار و باشترکردنی بژێوی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان دابین بکات.