بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیدارەی پێوەندییە گشتییەکانی پارێزگای کرماشان بە بۆنەی ۳۱ی پووشپەڕ پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە ساڵی ١٩٨٨، هاوکات لەگەڵ جەژنی پیرۆزی قوربان، گوندی زەردەی داڵاهۆ کرایە ئامانجی کیمیابارانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٢٧٥ کەس لە دانیشتووانی گوندەکە گیانیان لەدەستدا و زۆر کەسی دیکەش تووشی کاریگەریی درێژخایەن بوون بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە.
هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە: هاوکات لەگەڵ گوندی زەردە، گوندەکانی نساردێرە، نەساردێرەی گەورە، شاماردێرە، شێخ سڵە، دۆدان و باباجانیش کراونەتە ئامانجی کیمیاباران و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
پارێزگای کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر زیندوو ڕاگرتنی یادی قوربانیانی ئەو تاوانە، کیمیابارانی زەردەی بە یەکێک لە تاڵترین نموونەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە سەردەمی شەڕی سەپێنراودا زانی و جەختی لە تۆمارکردن و گێڕانەوەی ئەو کارەساتە بۆ نەوەکانی داهاتوو کردەوە.