وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندووە کار لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەکات بۆ پاراستنی جۆرە ڕەسەنەکانی سەوزە و بەرهەمهێنانی بنەتۆوی خۆماڵی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بنەتۆوی هاوردەکراو. نەوار زەهەب، بەڕێوەبەری بەرنامەی سەوزایی، ئاماژەی کرد کە پلانەکە هەروەها پەرەپێدان بە جۆرە بنەتۆوێکی خۆماڵی دەگرێتەوە کە بەرگریی بەرز لەبەرامبەر کەمئاوی و وشکەساڵی هەبێت، لەگەڵ پاراستنی تام و کواڵیتیی بەرهەمە نیشتمانییەکان. هەروەها ئاشکرای کرد کە هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە بواری بنەتۆودا پێویستی بە هاوئاهەنگیی زیاتر هەیە. لەلایەن خۆیەوە، قارەمان مەولوود، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە بنەتۆوی خۆماڵی بە نرخێکی گونجاو بۆ جووتیاران دابین دەکرێت و هێشتا باشترین و داواکراوترین جۆری بنەتۆوە.