بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مورتەزا گەراوەند بە ئاماژەدان بەوەی کە سەراو هەرسین یەکێکە لە گرنگترین کۆمەڵگەکانی مێژوویی و سروشتی کرماشان وتیشی: بوونی ئاسەوارەکانی وەک کاتژمێری خۆری بەردین، فەرهادتەراش و سەکۆی بەردی ساسانی لە تەنیشت سروشتی ئەم ناوچەیەدا توانایەکی ناوازەی بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری فەرهەنگی و سروشت گەردی دروست کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: سەرەڕای ئەو توانایانه، هەرسین به هۆی هەڵکەوتەی لەژێر سێبەری کۆمەڵگەی جیهانی بێستوون و هەروەها  نەبوونی پلانی یەکگرتوو هێشتا نەیتوانیوه پێگەی شایستەی خۆی له گەشتیاری پارێزگاکەدا بەدەستبهێنێت.

ئەم شارەزای میراتی فەرهەنگییە، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی ئیکۆ-گەشتیاری، لاوازی ژێرخانی خۆشگوزەرانی و ناساندنی نەشیاوی شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی وەک گرنگترین بەربەست لەبەردەم پەرەپێدانی گەشتیاری لە هەرسین دەستنیشانکرد و وتی: "بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا، سەراو هەرسین دەتوانێت ببێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکانی ڕۆژئاوای وڵات".

گەراوەند هەروەها هۆشداریی دا سەبارەت بە مەترسی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و وتی: گەشەپێدانی شارەکان، بیناسازی دەوروبەر و نەبوونی پارێزگارییەکی گونجاو، ڕەسەنایەتی ئەو شوێنە مێژووییەیان خستۆتە مەترسییەوە، هەروەها زۆر گرنگە کە دەزگا جێبەجێکارەکان بە هاوکاری لەگەڵ میراتی کولتووری، پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەم کۆمەڵگە جێبەجێ بکەن.