جەلال محەمەد لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند:
«پێش جەنگی ٤٠ ڕۆژە، ڕێبەری پێشووی ئێران هۆشیاری دابوو کە جەنگی ئاییندە ناوچەیی دەبێت، بەڵام جیهان چاوەڕێی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکرد، تا ئەو کاتەی موشەکە ئێرانییەکان ئاگریان لە ناوچەکە بەردا.
کاتێکیش جەنگەکە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ڕاگەیەنرا، سوپای پاسداران ڕاشکاوانە هۆشیاری دا کە هەر هەڵەیەکی ئەمریکا و ئیسرائیل، جەنگی داهاتوو دەباتە قۆناغی "جەنگی سەروو-ناوچەیی" (جنگ فرامنطقەای).»
ناوبراو ئاماژەی بە وتەیەکی شەهید حەسەن تارانی موقەددەم (باوکی موشەکی ئێران) کرد کاتێک جیهان گومان و سووکایەتی بە توانای موشەکیی ئێران دەکرد و وتبووی: «هیچ سنوورێک بۆ مەودای گەیشتنی موشەکەکانمان نییە.»
جەلال محەمەد ئەو قسەیەی باوکی موشەکی ئێرانی بە بەڵگە هێنایەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران دژی بنکەی سەربازیی "فێرفۆرد" لە بەریتانیا، ئەو راستیەی ئاشکرا کردو وتی: دەبێ بەریتانیا ئامادەی باجی شداری کردنی بێ لە تێوەگلانی لە دژی ئێران.
لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا بۆ جام کوردی، جەلال محەمەد ڕوونی کردەوە کە ئاماژەکان دەریانخستووە موجتەبا خامنەیی هەموو پێشنیازەکانی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی جەنگ ڕەتکردووەتەوە.
لە کاتێکدا پنتاگۆن هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دەدات، ئێران بێدەنگ دانەنیشتووە؛ سوپای پاسداران جگە لە تەنگەی هورمز، هەنگاو دەنێت بۆ هێنانەژێر کۆنترۆڵی بابولمەندەب و کەناڵی سوێس، کە سێ شادەماری بنەڕەتی و ستراتیژیی ئابووریی جیهانن.
بەپێی شیکارییەکانی جەلال محەمەد، بوردومانی ووردی بنکە سەربازییەکان و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی (لە کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئوردن و ئیمارات) دوو ئامانجی سەرەکیی هەبووە:
پاککردنەوەی ڕێگەی ئاسمانی بۆ لێدان لە ئیسرائیل: بوردومانکردنی ئوردن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامانج لێی لەناوبردنی سیستەمە بەرگرییەکان بوو کە درۆنەکانی ئێرانیان دەخستە خوارەوە، تا ڕێگە خۆش بێت بۆ هێرشی فراوانتر لە هەفتەی داهاتوودا بۆ سەر ئیسرائیل.
لەلایەکی ترەوە گەمارۆی حوسییەکان لە بابولمەندەب لەسەر کەشتییە سعوودییەکان، کە %۷۰ی هاوردە و %۹۵ی هەناردەی لە ڕێی دەریاوەیە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوێت و قەتەر و عەمانیش دەبێت.
چونکە بەندەری عەقەبە لە ئوردون کە %۷۰ی هاوردەکردنی ئوردن پێکدەهێنێت.
هەرچی کوێتە تەنیا ڕێگەی ئاسمانیی بۆ دەمێنێتەوە.
لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ جام کوردی، جەلال محەمەد پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتی و سەرکردایەتیی کورد کردو وتی:
«ئەم جەنگە جەنگێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو جەنگی فراوانکردنی دەسەڵاتی زایۆنییە کە ئابووری هەنگاوی یەکەمیەتی. ئەوەشی ڕووبەڕووی بووەتەوە تەنیا ئێران و بەرەی بەرەنگاربوونەوەیە، بۆیە نەکەن ڕۆڵەکانتان بە ناوی کوردایەتییەوە بە کوشتن بدەن؛ بەرپرسانی کورد توانای وەستانەوەیان دژی ئێران یان بەرەی ئەمریکی نییە.»
هاوکات جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە و هەر جوولەیەک لە خاکی هەرێمەوە دژی ئێران، وەڵامەکەی درۆن و موشەک دەبێت؛ چونکە ئێران کاتێک لێدان لە بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبی قبوڵ نەکات، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات خاکی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەری بەکاربهێنرێت.
جەلال محەمەد کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: «دوو جەنگی ڕابردوو سەلماندیان کە موجتەبا خامنەیی و سوپای پاسداران، هەنگاوێک لە پێش پنتاگۆن و سێنتکامەوەن.»