​فەرهاد قادر لە سەرەتای ئاخاوتنەکەیدا بۆ پەیامنێری جام کوردی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گوشارە دەروونییەی ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە لەسەر هاوڵاتییان جێبەجێ دەکرێت بێوێنەیە و وتی:

​«بەدرێژایی مێژوو هیچ داگیرکەرێک هێندەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم، جەنگی دەروونی لەگەڵ گەلی کورد نەکردووە. لە مێژووی هاوچەرخدا تەنیا حکومەتی پاشایەتیی قاجاری لە ئێران دەبینرێتەوە کە هاوشێوەی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم، لەڕێگەی بەرپرسە دزەکان و کۆمپانیا بیانییەکانەوە خەریکی چەتەیی و تاڵانی بووبێت.»

​لەوەڵامی ئەو پاساوانەی کە دەسەڵاتداران بۆ شەرعیەتدان بە خۆیان دەیهێننەوە، ئەو چالاکوانە مەدەنییە باسی لەوە کرد کاتێک قسە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەکەیت، ڕاستەوخۆ دەڵێن: "ئێمە هەڵبژێراوی زۆرینەی خەڵکی کوردستانین".

​فەرهاد قادر ڕەخنەی لەم بەهانەیە گرت و وتی:

​«باشە ئەگەر زۆرینەش دەنگی پێدابێتن، دەنگدانی خەڵک بۆ ئەوە بووە خزمەتیان بکەن و ژیانیان بۆ دابین بکەن، نەک زوڵم و زۆردارییان لێ بکەن!»

​سەبارەت بەوەی بۆچی زۆرجار ڕەخنە لە ڕەخنەگرانی کوردستان دەگیرێت کە بەپێی پێویست هەڵوێستیان نییە یان بێدەنگن، فەرهاد قادر تیشکی خستە سەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگە و ڕایگەیاند: لەم خاڵەدا قسەیەکی دەسەڵات دروستە؛ چونکە ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان بەم دەسەڵاتە داوە، خۆشیان دۆخیان لە خەڵکە ناڕازییەکە باشتر نییە و هەمان قەیران و برسییەتی بەرۆکی گرتوون.

​لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا لەگەڵ جام کوردی، فەرهاد قادر جەختی لەوە کردەوە: «دەسەڵاتێک چێژ لە ئازاردان و برسییکردنی میللەتەکەی خۆی ببێنێت، بە هەموو پێوەرێک شایەنی ئەوەیە لەلایەن مێژووەوە وەدەرنڕێت و تێپەڕێندرێت.»